نوێنەری ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق ئاشكرایكردووە، بارودۆخی ئابوریی عێراق “جێی نیگەرانییە”، پێشبینیش دەكات بەڕێژەی 10% داكشان بەخۆیەوە ببینێت لەمساڵدا.
جینین پلاسخارت، نوێنەری ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 24ی تشرینی دووەم ڕایگەیاندووە، “بارودۆخی ئابوریی عێراق جێی نیگەرانییە، چاوەڕوانین بەرنامەی چاكسازی جێبەجێ بكرێت، لەڕێی ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی عێراق و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكان”.
پلاسخارت ئەوەشی خستوەتەڕوو، “قەیرانە جیاوازە سیاسی و ئەمنی و ئابوری و تەندروستییەكان حكومەتیان كۆت كردووە، پێشبینییەكانمان بەجۆرێكە كە ئابوریی وڵاتەكە لەمساڵدا بەڕێژەی 10% داكشان بەخۆیەوە ببینێت”.
نوێنەرەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق ئەوەشی وتووە، “عێراق بەدەست قەیرانێكی ئابوریی قورسەوە دەناڵێنێت، ئەوە وای كردووە نەتوانرێت موچەی فەرمانبەران بدرێت لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، بەهۆی ئەوەی داهاتی نەوتی وڵاتەكە دابەزیووە لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوتی خاو”.
عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتە لە ڕێكخراوی ئۆپیك، تێكڕای هەناردەی ڕۆژانەی بریتییە لە 4 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت، هەروەها بودجەی گشتیی عێراق بەڕێژەی 97% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.