مەسیحییەکانی سنووری ئاکرێ داوای پاراستنی زەویییەکانیان دەکەن

قەزای ئاكرێ

دانیشتوانی گوندێكی سنووری قەزای ئاكرێ بۆ پاراستنی زەوییەكانیان لە زیادەڕەویی و داگیركاری ڕوو لە پەرلەمانی كوردستان دەكەن و ئەندامێكی پەرلەمانیش دەڵێت، “دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەولێر بڕیارێکی دەرکردووە لە بەرژەوەندی زیادەڕەوكارانە”.

ئەمڕۆ سێشەممە 24ی تشرینی دووەم نوێنەرانی مەسیحییەکانی گوندی کەشکاڤا سەر بە قەزای ئاکرێ یاداشتێکیان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرد و ڕایانگەیاند کە پێویستە رێگری بکرێت لە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە.

ڕۆمیۆ ھەکاری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بە ناوەڕۆکی سەردانی شاندی گوندکە کرد و وتی، “بەپێی یاسای ڕێگری لە زیادەڕەویی و یاسای گۆڕینی دیمۆگرافیا، داوامان لە پەرلەمانی کوردستان کردووە زیادەڕەویی بۆ سەر زەویوزاری پێکھاتەکان لە گوندی کەشکاڤا سەر بە قەزای ئاکرێ ڕابگیرێت، چونکە ئەوە پێشێلکردنی مافی پێکھاتەکانە”.

وتیشی، ”ئەم زیادەڕەویی زیاتر لە 10 ساڵە به‌م شێوه‌یه‌ كراوه‌ته‌سه‌ر گونده‌كه‌، له‌ سه‌ره‌تاشدا له‌‌ دوای ساڵی 1991 خەڵکانێک ھەوڵی ئەوەیاندا دەستبەسەر نزیکەی دوو ھەزار دۆنم زەوییدا بگرن و زیادەڕەوییەكان لە بەشێکی دیکەی گوندەکانی دیکەش لە دەڤەری دھۆک و زاخۆ بەردەوامە، بەڵام ئەمڕۆ فۆکس دەخەینەسەر گوندی کەشکاڤا کە لە یەکی ئەیلوولدا، دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەولێر بڕیارێکی دەرکردووە لە بەرژەوەندی زیادەڕەوكاران، بۆیە ئێمە داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین بەزووترین کات بەدواداچوون بکات بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە و ڕەتبکرێتەوە”.

ئەندامەكەی پەرلەمان لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی ئەوەشی خستەڕوو، ”دادگای بەرایی ئاکرێ بۆ ئەم بابەتە بڕیارێکی دەرکرد لە بەرژەوەندی خەڵکەکە، بەڵام بەداخەوە لە یەکی ئەیلولی ئەمساڵ نازانین بۆچی دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەولێر بڕیارەکەی دەرکردووە، بۆیە ئێمە داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە بەپێی ماددەی پێنجی ساڵی 2015 ڕێگەنەدات زیادەڕەویی بکرێتەسەر مافی پێکھاتەکان و پێویستە پەرلەمان راستەوخۆ بێتە سەرخەت”.

بەپێی زانیارییەکان لە گوندی کەشکاڤا زیاتر لە دوو ھەزار پارچە زەویی کشتوکاڵی ھەیە و بەشێکی زۆری لەلایەن خەڵکەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

گوندی کەشکاڤا سەر بە ناحیەی نەھلێ سنووری کارگێڕی قەزای ئاکرێ-یە و لەلایەن خەڵکی نزیکی گوندەکەوە بەشێكی زەوییەکانی ئەو گوندە دەستیان بەسەردا گیراوە.

بابەتی پێشتر

مەشقە ئامادەکارییەکانی یانەی بوروسیا دۆرتمۆند بۆ گەڕی چوارەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ

بابەتی دواتر

تەقینەوەیەك لە عەفرین نزیكەی 20 كوژراو و برینداری لێدەكەوێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share