بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی: منداڵێک بە سکچوون و ڕشانەوە گیانیلەدەستدا

نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری

 

دکتۆر پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر منداڵی تووشبووی سکچوون و ڕشانەوە لەناو نەخۆشخانەکەیاندا چارەسەر وەردەگرن و ئاشکرایکرد، منداڵێک بەوهۆیەوە گیانیلەدەستداوە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دکتۆر پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان لە سلێمانی ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مندالێک کە تەمەنی سێ بۆ چوار ساڵ بووە و تووشی سکچوون و ڕشانەوە بووە گیانیلدەستداوە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان سەبارەت بەو منداڵەی گیانیلەدەستداوە وتی، منداڵەکە وشکبوونەوەی زۆر زۆربوو، پێشتریش لەلایەن خێزانەکەیەوە گیادەرمانیی پێدرابوو.

ئاماژەی بەوەکرد، کە نازانن تائێستا هۆکاری مردنەکەی ئەو گیادەرمانییەیە کە پێیدرابوو یان درەنگ گەیاندنی بە نەخۆشخانە.

جەختیکردەوە، گیادەرمانی هۆکارێکە کە دەکرێت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ببێتەهۆی گیانلەدەستدانی منداڵ دوای تووشبوونی بە سکچوون و ڕشانەوە، لەگەڵ ئەوەی باسی لەوەکرد ئێستاش ژمارەیە منداڵ لە نەخۆشخانەکەیانە کە گیادەرمانییان  پێدراوە و دۆخیان باش نییە.

سەبارەت بە حاڵەتەکانی تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە لە ئێستادا وتی، “هێشتا هەر لە بەرزیداین، ژامرەیەکی زۆر منداڵی تووشبوومان هەیە، هەرچەندە شەممەی ڕابردوو گەیشتینە لوتکەی نەخۆشییەکە، بەڵام دواتر کەمبووەوە و ئێستا جارێکی دیکە ژمارەکان زیادیان کردووە”.

بەپێی وتەی دکتۆر پشدەر عەبدوڵا، ئێستا چەند منداڵێک دۆخیان زۆر خراپە و وشکبوونەوەی زۆریان هەیە “تەنانەت یەکێک لەو منداڵانەی لامانە لە مردن گەڕاوەتەوە.

داواشی لە دایکان و باوکان کرد، لەکاتی تووشبوونی منداڵەکانیان بەزووی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە و بەهیچ شێوەیەک گیادەرمانیی پێنەدرێت.

بابەتی پێشتر

سادیۆ مانێ پەیوەندی بە یانەی بایرن میونشنەوە كرد

بابەتی دواتر

نێیمار ڕەتیكردۆتەوە لە پاریس سانجێرمان بڕوات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share