دەرچەیەكی یاسایی دەتوانێت پەرلەمانتارانی سەدر بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بگەڕێنێتەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

شارەزایەكی یاسایی دەڵێت، لەڕێی دەرچەیەكی یاساییەوە دەتوانرێت پەرلەمانتارانی سەر بە ڕەوتی سەدر بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بگەڕێندرێتەوە.

جەمال ئەسەدی شارەزای بواری یاسا ڕایگەیاند، دەكرێت پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر لە داوای دەستلەكاركێشانەوەكەیان پاشگەزببنەوە.

ئەسەدی لە لێدوانێكدا بۆ میدیا عێراقییەكان وتیشی، “پرسی پاشگەزبوونەوە لە دەستلەكاركێشانەوە هیچ بڕگەیەكی یاسایی یان دەستووری چارەسەری نەكردووە، بەڵكو دەكرێت بەڕێوشوێنی ئیداری بێت و تیایدا پەرلەمانتار داوایەك پێشكەشی سەرۆكی ئەنجومەن دەكات بۆ وازهێنان لە دەستلەكاركێشانەوەكەی، ئەویش ڕەزامەندی لەسەر داواكارییەكە دەدات”.

بەدەر لەو دەرچەیە، هیچ لایەنێك ناتوانێت تانە لە دەستلەكاركێشانەوەی هیچ پەرلەمانتارێك بدات، وەك ئەوەی شارەزاكە ئاماژەی پێدا و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە ئەو ڕێوشوێنە دەچێتە ژێر بەندی ئازادیی كەسی و تەنها پێشكەشكردنی لەلایەن پەرلەمانتارەوە پێویستە.

لە ماددەی 12/ دووەم-ی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە 13ی ساڵی 2018دا هاتووە، “ئەندامێتی لە ئەنجومەن كۆتاییدێت لەحاڵەتی (دەستلەكاركێشانەوە)، ئەم دەقە بەبێ مەرج و كۆتە و تەنها بە ڕەزامەندی نیشاندانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەستلەكاركێشانەوەكە بە جێبەجێكراو دادەنرێت، تەنانەت لە حاڵەتی ڕەزامەندی نیشاننەدانیشدا لەڕووی یاساییەوە بە جێبەجێبوو دادەنرێت، بەڵام بەشێوەی ڕووكاری و بە ڕەزامەندیی سەرۆكی ئەنجومەن و دەرچوونی فەرمانی پەرلەمانی تەواو دەبێت”.

بەپێی میدیا عیراقییەكان جموجوڵێك لەئارادایە بۆ ئەوەی موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر چاو بە بڕیاری كشانەوەكەی لە پڕۆسەی سیاسیدا بخشێنێتەوە.

لەكاتێكی پێشتریشدا سەرچاوەیەكی ئاگادار لە چێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، شاندێكی سەركردەكانی چێوە دەچنە حەنانە لە پارێزگای نەجەف لە هەوڵێكدا بۆ ڕازیكردنی موقتەدا سەدر بۆ پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری كشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی.

ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم بەسەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی و بزووتنەوەی بابلیون بەسەرۆكایەتی ڕەیان كلدانی كۆبوونەوە.

بەشدارانی كۆبوونەوەكە دووپاتیان كردەوە كە قۆناغی داهاتوو گرنگە و پێویستی بە پەلەكردن لە دەستپێكردنی هەنگاوە كردەییەكانی تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكان و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتێكی گونجاو هەیە كە توانای جێبەجێكردنی داواكاریی عێراقییەكانی هەبێت و ژیانێكی شایستە دابینبكات و ئاسایش و سەقامگیریش بۆ هەمووان بپارێزێت.

لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی داوایكرد هەوڵبدرێت سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان بەشداربن لە حکومەتی نوێی عیراق و جیاوازییەکانمان بخەینە خزمەت ھێنانەدی ئامانجە باڵاکان.

لای خۆیەوە چێوەی هەماهەنگی داوای لە هەموو هێزە كاریگەرەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی كرد بەشداریی گفتوگۆكان بكەن و ئامادەییشی دەربڕی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەكان.

بابەتی پێشتر

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دروستكردنی ڕێگەی دەربەندیخان-كەلار پەشیمانە پێشتر پڕۆژەكەی وەرگرتووە

بابەتی دواتر

نرخی نەوت گەیشتە 125 دۆلار

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

400 هەزار كەس دادەمەزرێندرێن

وەزارەتی كار رەخساندنی 400 هەزار هەلی كاری راگەیاند و وەزیر دەڵێت، “دادەمەزرێندرێن”. ئەحمەد ئەسەدی وەزیری كار و كاروباری…
Total
0
Share