محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، “جێگرەوەی پەرلەمانتارەكانی سەدر دەستنیشان دەكەین”.
محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی چارەنووسی ئەو كورسییانەی ئەنجومەنی نوێنەران كە بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانی سەدر-ەوە چۆڵبوون ڕایگەیاند، “پەیوەندییەكانمان لەگەڵ فراكسیۆنی سەدر-دا بەردەوامدەبن، بەڵام ڕێكاری یاسایی دەگرینەبەر بۆ دەستنیشانكردنی جێگرەوەكانی پەرلەمانتارەكانیان”.
دوێنێ یەكشەممە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران، لەسەر ڕاسپاردەی موقتەدا سەدر دەستیان لە كاری پەرلەمانتاری كێشایەوە و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، دەستلەكاركێشانەوەكانیانی پەسەندكرد.
محەمەد حەلبووسی ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە عەممانی پایتەختی ئوردن وتی، جێگرەوەی پەرلەمانتارەكانی سەدر دەستنیشان دەكەن، بەبێ ئەوەی ڕوون و ئاشكرابێت كە پشكی سەدرییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بەر كێ دەكەوێت و هاوكێشە سیاسییەكە چۆن دەبێت.