دژەتیرۆری کوردستان لەبارەی تەقینەوەكەی هەولێرەوە دەڵێت، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی كێشاوە بە ڕێگای پیرمام – هەولێر-دا.
لاپەڕەی دژەتیرۆری کوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاویكردەوە، بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، کاتژمێر 9:35ی ئەمشەو درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی كێشاوە بەسەر ڕێگای پیرمام هەولێر.
دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، لە ئاکامدا سێ هاوڵاتی بە سووکی برینداربوون، هاوکات زیانی ماددی بە خواردنگەیەک و چەند ئۆتۆمبێلێک گەیشتووە.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە هەولێر ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەكان لە شوێنی تەقینەوەكەن و ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان نادەن ڕووماڵبكەن.
وتیشی، بەهۆی تەقینەوەكەوە زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێل زیانیان بەركەوتووە.
لای خۆیەوە د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان وتی، “بەهۆی تەقینەوەكەی هەولێرەوە سێ هاوڵاتی بە سووكی برینداربوون”.