پاش 100 ڕۆژ
ئایندەی شەڕی ڕوسیا و ئۆكرانیا بەچی دەگات؟

شەڕی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا پێینایە 100هەمین ڕۆژیەوە، پێشبینی دەكرێت شەڕەكە بۆ چەندین مانگی دیكە درێژەبكێشێت لەسایەی سووربوونی هەردوولا لەسەر هەڵوێستەكانیان، شارەزایان پێیانوایە دەبێتە “شەڕێكی لەبیركراو” یان فراوان دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناتۆ.

لە 24ی شوباتی ڕابردوو ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا دەستپێكردنی پرۆسەیەكی سەربازی بۆ بەرگریكردن لە “هەردوو كۆمار”ی جوداییخواز لە ناوچەی دونباس-ی ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا ڕاگەیاند، پاش ئەوەی دانی بە سەربەخۆییاندا نا، هەروەها بۆ پارێزگاریكردن لە ئاسایشی وڵاتەكەی لەسایەی هەڕەشەكانی ناتۆ بە پەلهاویشتن بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەرلەوەی فەرمان بە سوپای وڵاتەكەی بدات بە بەرفراوانكردنی چێوەی هێرشەكانی بۆسەر ئۆكرانیا لە سەرجەم ئاراستەكانەوە.

سەرەڕای دوپاتكردنەوەی مۆسكۆ بەوەی پڕۆسە سەربازییەكەی لە ئۆكرانیا بەشێوەی پلان بۆدارێژراو بەڕێوەدەچێت، شیكاران دووپاتیدەكەنەوە سەرنەكەوتنی هێرشەكە لە ڕووخاندنی ڕژێم لە كیێڤ، وایكردووە هێزەكانی ڕوسیا ئاستی خواستەكانیان كەمبكەنەوە و هەوڵەكانیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەی دونباس چڕبكەنەوە، لەكاتێكدا شەڕ 100 ڕۆژی تێپەڕاند و كاری لەسەر كەمكردنەوەی تواناكان كردووە.

هاریكارییە سەربازیییەكانی ڕۆژئاوا هۆكاربوون بۆ خۆڕاگری ئۆكرانیا بەرامبەر ڕوسیا، دوای ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا لە هەنگاوێكی بێ پێشینەدا چەكیان كڕی و ڕادەستی ئۆكرانیایان كرد، هەروەك وڵاتانی ڕۆژئاوا سزای ئابوریی توند و توندتریان بەسەر ڕوسیادا سەپاند.

بەپێی وتەی ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا لەئێستادا هێزەكانی ڕوسیا نزیكەی 20%ی خاكی وڵاتەكەیان داگیركردوە و، بەرەی شەڕ بۆ زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر درێژبووەتەوە.

سێ سیناریۆی قەیرانەكە
دەربارەی ئایندەی قەیرانەكە لیۆن ڕادسیۆسینی شیكاری تایبەتمەند لە كاروباری ئاسایش و ستراتیژی دەڵێت، سەرەڕای نیشاندانی ویستی تەواوكردنی وتوێژەكان لەلایەن مۆسكۆ-وە، چارەسەری قەیرانەكە دیپلۆماسی نییە و ململانێكەش بەمنزیكانە تەواو نابێت.

ڕادسیۆسینی وتیشی، “دوپاتكردنەوەی ڕوسیا بەوەی كاری پێشینەیان دۆنباس-ە، مانای وانییە كە پوتین لەكاتێكدا ئەگەر شوێنپێیەك بۆ هێنانەدی سەركەوتنی تەواوەتی بەدیبكات دوودڵ دەبێت، ئەو ناچارانە ڕووی لە ڕۆژهەڵات كرد پاش ئەوەی لە باكوور ڕووبەڕووی شەڕی قورس و زیانی گەورە بووەوە، باوەڕێكی باو هەبوو كە كیێڤ لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا دەكەوێت، بەڵام ئۆكرانییەكان گۆڕییان بۆ شەڕی زیانگەیاندن بە بەرامبەر”.

بە بڕوای ئەو شەڕی ئۆكرانیا دەبێتە “لەبیركراو” لەكاتێكدا ئەگەر پوتین تەنها بە ڕۆژهەڵاتەوە بوەستێتەوە، دواتریش قۆناغی وتووێژ دەستپێدەكات كە ساڵان دەخایەنێت، یاخود ڕوو لە “كیێڤ-ی پایتەخت” دەكات و كۆنتڕۆڵی دەكات و ئەوكات شەڕەكە ئاستی گەورەیی لەدەستدەدات، یان دەگۆڕێت بۆ “شەڕی بەرفراوان” لەسایەی بێزاركردن “ئیستفزاز”ی نێوان مۆسكۆ و ناتۆ.

ڕوونیشیكردەوە، ڕوسیا ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ پایتەخت پەنا بۆ تەكتیكەكانی پێشووی نابات بەڵكو كیێڤ تەختی زەوی دەكات، وەك ئەوەی لە ماریۆپۆل و زۆرینەی ناوچەكانی ڕۆژهەڵات ڕوویدا، بەهۆی ئەوەی لە سەرەتای شەڕەكەدا ئۆكرانییەكان تەركیزیان كردەسەر خاڵە لاوازەكانی ڕوسیا كە بریتییە لە بڕینی گەیاندنی سوتەمەنی، سەرەڕای تەكتیكی بەرگری لە قوڵایی ناوچەكاندا، ئەمەش وایكرد جموجوڵی هێزەكانی ڕوسیا ئاسان نەبێت، بە بڕوای ئەو هێزەكانی ڕوسیا لە سەرەتای شەڕەكەدا تووشی سەرسوڕمان هاتن و، ئامادەی ئەو جۆرە لە بەرگریكردن نەبوون كە ڕووبەڕووی بوونەوە، بۆیە تەواوی پلانەكەیان گۆڕی.

ئەو شارەزایە وای دەبینێ كە پوتین تائێستا هیچكام لە ئامانجەكانی بەدینەهێناوە، قەیرانەكە بەهۆی ترس لە چوونەپاڵی ئۆكرانیا بوو بۆ ناتۆ یان یەكێتیی ئەوروپا، لەئێستادا هاوپەیمانیی ئەتڵەسی زیاتر و زیاتر نزیكبووەتەوە دوای ئەوەی سوید و فنلەندا داواكاری چوونەپاڵ ناتۆ-یان پێشكەشكرد، بۆیە دەشێت لە ماوەی ئایندەدا تێكەڵییەك لە بڕیارەكانی مۆسكۆدا ڕووبدات لەسایەی بەرەی كراوە لە سەرجەم ئاراستەكانەوە.

س: سكای نیوز

بابەتی پێشتر

کەشناسی: ئەمڕۆ و سبەی خۆڵبارین دەبێت

بابەتی دواتر

وتەبێژی كۆمەڵ: ئیسلامییەكان ڕەوشتی ناو میللەتیان هێشتووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share