بۆچی حکومەتی هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد موچە دابەشناکات؟

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دابەشکردنی موچەی مانگانەی موچەخۆرانی پشت بەبڕیک پارە دەبەستێک کە لە بەغدادەوە ڕەوانە دەکرێت و بڕەکەی دیکەشی بە داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنورییەکان تەواو دەکات.

ئەوەی مشتومڕی دروستکردووە ئەوەیە ئێستا کە 40 ڕۆژ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی ڕابردوودا تێپەڕیوە بۆچی حکومەتی هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد موچە دابەشناکات لەکاتێکدا بەپێی ئەو داهاتەبێت کە لەبەردەستیدایە دەتوانێت موچەی ئەم مانگە بەبێ لێبڕین  دابەشبکات.

“حکومەت داهاتی تەواوی بۆ دابەشکردنی موچە لەبەردەستدایە”

عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەپێی داتا و زانیارییەکانی حکومەت کە تاوەکو ئێستا خستوویەتییەڕوو مانگانە داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنورییەکان و نەوت، نزیکەی 390 ملیار دینارە، ئێستا حکومەت داهاتی سێ مانگی لەبەردەستدایە و بەو بڕە پارەیەش دەتوانێت موچەی ئەم مانگەی موچەخۆران بەتەواوی و بێ لێبڕین دابەشبکات”.

حکومەتی هەرێم تەنها موچەی حەوت مانگی دابەشکردووە لە ئەمساڵدا کە سێ مانگیان موچەی ساڵی 2019 بووە و چوار مانگیشیان موچەی ئەمساڵ، بەڵام حکومەتی هەرێم داهاتی دە مانگی لە ناوخۆ هەبوەو حەوت مانگی دابەش کردووە، بۆیە بەو سێ مانگەی داهاتی ناوخۆو نەوت دەتوانێت مووچەی مانگێک بە تەواوەتی خەرج بکات و چاوەڕێی بەغدا نەکات بۆ ئەم مانگە.

لەلایەکی دیکەوە هۆشمەند تۆفیق شارەزای بواری ئابوری بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “داهاتەکانی حکومەتی هەرێم ناشەفافە، زۆرینەی دەچێتە گیرفانی حزبە سیاسییەکان حزبەکان لە حکومەت باڵا دەستترن، بۆیە داهاتی هەرێم ڕوون نییە ئێمە ناتوانین بەڕوونی بزانین داهاتی ناوخۆ چەندە و بە چەند مانگی داهاتی ناوخۆ دەتوانرێت موچەی مانگێک تەواو بکرێت، بەڵام بەپێی ئەو ژمارانەی حکومەت خۆی بڵاویکردووەتەوە حکومەت دەتوانێت بە داهاتی دوو مانگی ناوخۆ موچەی مانگێک دابەشبکات و ئێستاش داهاتی سێ مانگی لەبەردەستدایە”.

بۆچی هەرێم موچە دابەشناکات؟

حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بۆ دابەشکردنی موچە پێویستی بە 895 ملیار دینارە، حکومەت بۆ مانگەکانی شوبات و ئازار بە ڕێژەی %21 لێبڕین موچەی دابەشکرد و بۆ مانگی نیسانیش لێبرینی %18 ی جێبەجێکرد، بەڵام لەدوای پەسەندکردنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی عێراق ئەو بڕە پارەی لە بەغدادەوە ڕەوانە دەکرا ڕاگیرا، بەپێی یاساکەش هەرێم دەبێت بۆ ڕادەستکردنی نەوت لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ ڕێکبکەوێت لەبەرامبەردا بەغداد پشکی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.

لەوبارەیەوە عومەر گوڵپی وتی، “حکومەت بۆیە موچە دابەشناکات دەیەوێت بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی خۆی لابدات و بەغداد ناچاربکات ئەو بڕە پارەیە بنێرێت کە مانگانە ڕەوانەی کردووە لەو نێوەندەشدا موچەخۆران زەرەرمەند دەبن”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە حکومەتی هەرێم دوو ڕێگەچارەی لەبەردەستدایە بۆ موچە یان دەبێت لەگەڵ بەغداد ڕێکبکەوێت و ئەوان بڕە پارەی هەرێم بنێرن، یان دەبێت بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد و بە داهاتی ناوخۆ موچە دابەشبکات ئەویش بە چاکسازی ڕاستەقینە و ڕیشەیی و ڕێگریکردن لەو سنوربەزاندنە لەبەهەدەردانی داهات و قاچاخچێتی و کۆمپانیا حزبییەکان و پێداچوونەوەی گرێبەستە نەوتییەکان دەتوانێت مانگانە بەبێ لێبڕین موچە دابەشبکات.

هەروەها هۆشمەند تۆفیق دەڵێت، “حکومەتی هەرێم موچە دابەشناکات چونکە دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە فشار لەسەر بەغداد دروستبکات، هەروەها سۆزی بەغداد بجوڵێنێت بۆ ڕەوانەکردنی پارەی موچە، هۆکارێکی دیکەشی ئەوەی حکومەت ئێستا موچە دابەشکردن دوادەخات بۆئەوەی لە ئەمساڵدا یەک موچەی دیکە بدات بە فەرمانبەران تا کۆتایی ساڵ بەڵام ئەگەر ئێستا موچە دابەشبکات ناچارە موچەیەکی دیکەش لە ساڵی 2020 دا دابەشبکات و ئەمەش لە سودی حکومەت نییە”.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە 22ی تشرینی دووەم، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، وەزارەتی دارایی لیستی موچەی مانگەکانی 10ی 11ی بۆ پێدانی موچە ئامادەکردووە، بەڵام جارێ هیچ پارەیەکی ئەوتۆی لەبەردەست نیە بۆ دابەشکردنی موچە و هەر کاتێك حکومەتی عێراق پارەکەی نارد، حکومەتی هەرێم دەست بەدابەشكردنی دەكات.

سەرەڕای تێپەڕبوونی 22 ڕۆژی مانگی تشرینی دووەم، هێشتا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تشرینی یەكەمیان وەرنەگرتووە، لەكاتێكدا موچەی مانگەكانی (4، 5، 6، 7 و 8)یش بەبڕیارێكی حكومەتی هەرێم ڕاگیرا و موچەی مانگەكانی شوبات و ئازار و ئەیلولیشیان بە لێبڕینی 21% و 18% پێدرا.

لە بەرامبەردا لە سەرەتای هەفتەی ڕابردوەوە دابەشكردنی موچەی مانگی تشرینی یەكەمی فەرمانبەرانی سەر بە حكومەتی ناوەند دەستیپێكرد و بڕیارە هەر لەم مانگەدا موچەی دووەم وەربگرن.

 

 

 

 

 

بابەتی پێشتر

ڕۆژنامه‌ی ئاس: مێسی لاوانی بارسا ناچارده‌کات به‌ سه‌رشۆڕی ده‌ربکه‌ون

بابەتی دواتر

پەرلەمانی کوردستان بە میوانداری وەزیری ڕۆشنبیری پرسی کۆچی گەنجان تاوتووێ دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شارەزایەکی ڕووسی ئامانجی تورکیا لە کردنەوەی بارەگایەکی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ قەتەر ئاشکرادەکات

وەزیری بەرگریی قەتەر، خالد بن محەممەد عەتییە و وەزیری بەرگریی تورکیا خولووسی ئاکار، بارەگایەکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە بنکەی…
Total
0
Share