لیژنەیەكی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی ئەو ناوچە سنوورییانە دەکەن کە لەلایەن تورکیاوە بۆردوومان دەکرێن.
حسێن عامری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران بە میدیا عێراقییەكانی وتووە، بەمنزیكانە لیژنەیەك ڕەوانەی ئەو ناوچانە دەكەن لە سنووری پارێزگای دهۆك كە لەلایەن توركیاوە بۆردوومان دەكرێن و بە وردی تاوتوێی بۆردوومان و ھێرشەکانی تورکیای بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دەكەن.
جەختیشی كردووەتەوە، ڕاپۆرت لە بارەی زیان و کاریگەرییەکانی بۆردوومان و ھێرشەکانی تورکیا ئامادەدەکەن، دواتریش ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەخەنەڕوو.
ڕۆژی 18ی نیسان، توركیا ئۆپەراسیۆنی چڕنووک – قوفڵی لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر گەریلاکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
تاوەكو ئێستاش وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 118 گەریلا و کوژرانی 21 سەربازی سوپای وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنەكەدا ڕاگەیاندووە، لە بەرامبەریشدا هەپەگە کوژرانی 501 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 32 گەریلا و پچڕانی پەیوەندیی بە دوو تیمی گەریلا ڕاگەیاندووە.