تەندروستیی جیهانی: کۆرۆنا بەشێوەیەکی خراپ لە کۆریای باکوور بڵاوبووەتەوە

 

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەگەڵئەوەی نیگەرانە لە دەستنەگەیشتنیان بە زانیارییەکانی پەیوەست بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە کۆریای باکوور، جەختدەکاتەوە دۆخی ئەو وڵاتە خراپە و کۆرۆنا بە شێوەیەکی خراپ تێیدا بڵاودەبێتەوە.

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، “نیگەرانین لەوەی ناتوانین دەستمان بگات بە ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە کۆریای باکوور، هەروەها حکومەتی ئەو وڵاتەش ئامادە نییە هیچ هاوکارییەک بکات”، ئاماژەی بەوەکردووە دۆخی بڵاوبوونەوەی پەتاکە لەو وڵاتە خراپە، جیاواز لەو دڵنیاییەی ڕژێمی حوکمڕانی کۆریای باکوور باسی لێوەدەکات.

لە 12ی ئایاری ڕابردوودا کۆریای باکوور بۆ یەکەم جار تۆمارکردنی تووشبوویەکی کۆرۆنای ڕاگەیاند، لە هەفتەی ڕابردوودا میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکەیان ئاشکراکرد و ڕایانگەیاند، ژمارەی تووشبووان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.

بەڵام بەڕێوەبەری فریاکەوتنی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی مایکڵ ڕاین لەوبارەیەوە دەڵێت، “ئێمە گومانمان لەو زانیارییانە هەیە کە حکومەتی کۆریای باکوور بڵاویدەکاتەوە و پێمانوایە دۆخی پەتاکە لەو وڵاتە خراپتر بووە نەک باشتر”.

جەختیشیکردەوە، حکومەتی کۆریای باکوور بەهەڵەدا دەچێت لەوەی زانیاریی ناڕاست و سنووردار نەبێت هیچ وردەکارییەک لەبارەی پەتاکەوە ئاشکراناکات.

بەرپرسەکەی تەندروستیی جیهانی باسی لەوەکردووە، “ئێمە لە دۆخی ئێستادا ناتوانیین زانیاریی دروست لەوبارەیەوە بدەین لەکاتێکدا دەستمان نەگات بە داتا دروستەکانی ئەو وڵاتە”.

لەلایەکی دیکەوە ماریا ڤان کیرکۆڤ بەرپرسی ڕووبەڕووبوونەوەی COVID-19 لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، “کۆریای باکوور نزیکەی سێ ملیۆن گومانلێکراوی تووشبووی بە کۆرۆنا تۆمارکردووە، بەڵام ئەو وڵاتە باس لە ژمارەیەک حاڵەتی بوونی تا لە گومانلێکراوەکاندا دەکات”.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێردا ژمارەی تووشبووان بە “تا” 96 هەزار و 610 کەس بوون هەروەها لەسەرەتای مانگی ئایارەوە ڕۆژانە 360 هەزار تووشبووی “تا” تۆماردەکرێت.

بابەتی پێشتر

بڵاوبوونەوەی پرسیاری وانەیەك تاقیكردنەوەكانی پۆلی نۆیەمی لە عێراق پەكخست

بابەتی دواتر

توركیا ناوی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دەگۆڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share