وەرزێکی ئێسکشکێن چاوەڕێی ڕیاڵی ئەنچیلۆتی دەکات

ڕیاڵ مەدریدی کارلۆ ئەنچیلۆتی لەبەردەم وەرزێکی ئێسکشکێندایە، بەهۆی خشتەی یارییەکانەوە ڕەنگە نەتوانن هاوشێوەی ئەم وەرزە نمایشی تواناکانیان بکەن.

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی خشتەی وەرزی نوێی ئاشکرا کردووە و وەک دەردەکەوێت، لە 10ی ئابی 2022 ڕیاڵ مەدرید یاریی سوپەری ئەوروپا بەرامبەر ئینتراخت فرانکفۆرت ئەنجام دەدات، مانگێک بەر لەو وادەیەش مەشقە ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێ بەتایبەت لە 8ی تەموز دەستپێدەکاتەوە.

ڕێکەوتی 14ی ئاب چالاکییەکانی خولی ئیسپانیا (لالیگا) پاشان چامپیۆنزلیگ لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستپێدەکەنەوە، دوای هەفتەیەک یاریزانانی یانەکە سەرنج دەخەنە سەر چالاکییەکانی مۆندیال.

یاریزانە نێودەوڵەتییەکان بەر لە 21ی تشرینی دووەم گەشت دەکەن بۆ وڵاتی قەتەر بۆ بەجێهێنانی ئەرکە نیشتمانییەکان، تاوەکو 18ی کانوونی یەکەم لە چالاکییەکانی مۆندیالی 2023 بەردەوام دەبن، پاشان چالاکیی خولە ناوخۆیییەکان و چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکەنەوە.

دوابەدوای ئەو بۆنە وەرزشییانە، یانەی شاهانە لە 11 تاوەکو 15ی کانوونی دووەمی 2023 بەشداری لە جامی سوپەری ئیسپانیا دەکات، کە بڕیارە لە سعوودیە ساز بکرێت.

لە مانگی شوباتی 2023 جارێکی دیکە یاریزانانی ئەنچیلۆتی بەشداریی چالاکییەکانی جامی شای ئیسپانیا دەکەن، بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو پێگەیەی پێی دەگەن، جگە لەوەی یانەکە دەبێت بەشداری جامی جیهانیی یانەکان لە ئەبووزەبی بکات.

بەپێی خشتەی یارییەکان، ڕیاڵ لەنێوان 8ی حوزەیرانی 2022 تاوەکو 10ی ئەیلوولی 2023 زیاتر لە 70 یاریی دەکات.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەنچیلۆتی دەتوانێت یاریزانەکانی لە ماندووبوون بپارێزێت؟

بابەتی پێشتر

بە یارمەتیی هاوڕێ کوڕەکەی.. ژنێک بە بەرچاوی منداڵەکانییەوە هاوسەرەکەی دەکوژێت

بابەتی دواتر

كوژرانی 47 سەربازی توركیا لە هەرێم ڕاگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share