بایدن یەکلایی بووەتەوە لەسەر بلینکن بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی کابینەکەی

میدیاکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە 23ی تشرینی دووەم، بڵاویانکردەوە کە جۆ بایدنی سەرۆکی کاندیدکراوی ئەمریکا بڕیاری کۆتایی لەبارەی ژمارەیەک پۆستی کابینەکەی و لەناویشیاندا ئانتۆنی بلینکنی وەک وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دیاریکردووە.

ڕۆن کلین، فەرمانبەری بەرپرسی نوێی کۆشکی سپی لە کابینەکەی بایدن ڕایگەیاند، “سەرۆکی هەڵبژێردراو، سبەینێ سێشەممە، یەکەم بەرپرسانی دیاریکراوی کابینەکەی ئاشکرا دەکات”.

ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە

بەپێی ئاژانسی بلومبێرگ، جۆ بایدنی سەرۆکی هەڵبژێردراو، ئانتۆنی بلینکنی وەک وەزیری دەرەوەی کابینەکەی دیاریکردووە.

ئانتۆنی بلینکن لە کابینەی پێشووتری ئەمریکا بەسەرۆکایەتی بیل کلینتۆن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کاریکردووە، بەرلەوەی ببێتە بەڕێوبەری فەرمانبەران لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران کاتێک بایدن سەرۆکی لیژنەکەبوو.

لە ساڵەکانی سەرەتای سەرۆکایەتیی ئۆبامادا، بلینکن جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، بەرلەوەی بگوازرێتەوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەک جێگری وەزیری دەرەوە، جۆن کیری.

جیک سۆلیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی

بلومبێرگ ئاشکراشیکردووە، بایدن بڕیاریداوە بە دیاریکردنی جیک سۆلیڤان بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کابینەکەی، کە پێشتر نزیکترین یاریدەدەری هیلاری کلینتۆن بووە بۆ ئاسایشی نیشتمانی.

بەپێی ئاژانسەکە، پۆستی وەزارەتی دەرەوە گرنگترین پۆستی دیبلۆماسییە لە وڵاتدا، هەروەها پۆستی ئاسایشی نیشتمانییش گرنگترین و بەهێزترین پۆستی کۆشکی سپییە، کە دەستەیەک لە دەیان کەسی شارەزا و پسپۆڕی بواری سەربازی، ئەمنی، دیبلۆماسی، سیاسی و هەواڵگری لەخۆدەگرێت.

لیندا تۆماس، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان

پێگەی ئەکسۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەوانەی لە جۆ بایدنەوە نزیکن پێشبینییان کردووە، کە بایدن لیندا تۆماس گرینفێڵد وەک نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دیاریبکات کە ژنێکی ڕەشپێست و دیبلۆماتێکی ناسراوە.

بابەتی پێشتر

دوای سەردانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ عێراق ئەمینداری حەشدی شەعبیش هەڵبژێردرا

بابەتی دواتر

ئیدارەی گەرمیان سورە لەسەر بەدواداچون بۆ کەیسی کچە کوژراوەکە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share