دووەم ڕۆژی دیداری یەكێتی بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی دیداری یەكێتی لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بەڕێوەدەچێت، لیژنەكان درێژە بە گفتوگۆكردنی پێشنیارەكان دەدەن.

“دیداری یەكێتی” بە بەشداریی زیاتر لە 12 هەزار ئەندام و كادیری حزبەكە لە سلێمانی دوێنێ یەكەم ڕۆژی كارەكانی لەژێر ناونیشانی “نوێبوونەوە و چاكسازی” دەستپێكرد و بڕیارە ماوەی چوار ڕۆژ بخایەنێت.

بەپێی بەرنامەی دیاریكراوی دیدارەكە كاتژمێر (9:30 تا 12:30)ی نیوەڕۆ و (2:30 تا 06:00)ی ئێوارە لیژنەكان بەردەوامی بە گفتوگۆكان دەدەن.

دیداری یەكێتی بەسەر 14 لیژنە لە سەرجەم بوارەكاندا دابەشبووە، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 130 كۆبوونەوە لە هەرێمی كوردستان و عێراق كراون و نزیكەی هەزار و 500 ڕاپۆرت، سەرنج، پێشنیاز و ڕەخنە پێشكەشی لیژنەكانی دیدار كراون.

ئامانجی دیداری یەكێتی چییە؟
دیدارەكە، كە دروشمی “نوێبوونەوە و چاکسازی”یە ئامانجێتی پێداچوونەوە بە تێڕوانین، سیاسەت، چاكسازی و ستراتیژی حزبەكە و نوێبوونەوەی-دا بكات.

بڕیاریشە كۆی سەرنج و پێشنیازەكان بۆ تەواوكردنی ڕاپۆرتەكان لەو چوار ڕۆژەدا كۆبكرێنەوە و پێشكەشی سەركردایەتیی یەكێتی بكرێن تا ببنە ڕاسپاردە.

هەر لە بارەی ئامانجی دیدارەكە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ”ئەگەر باشترین و ڕێکوپێکترین و بێ کەموکوڕیترین کۆنگرەشمان بکردایە من پێموایە پێویستمان بەم دیدارە دەبوو”.

وتیشی، ئەم دیدارە دەبێتە تەواوکەری کۆنگرەی یەکێتی، لەبەرئەوەی چەند ساڵێکی زۆربوو کۆنگرەی یەکێتی نەبەسترابوو، بۆیە بیرکردنەوەیەکی ناواقعی بوو ئەگەر چاوەڕێمان بکردایە بە یەک کۆنگرە سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەبن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە گرنگی دیداری یەکێتی کردەوە و ئاشکرایکرد، “زۆر دەمێکە ئێمە بەیەکەوە دانەنیشتووین کە پرسیاری قورس لەخۆمان بکەین بۆچی دۆخی هەرێمی کوردستان وایە؟ بۆچی عێراق و پارجەکانی دیکەی کوردستان دۆخیان بەمجۆرەیە؟، بۆیە ئەم دیدارە گرنگە و دەبوو ئەو پرسیارانە لەخۆمان بکەین”.

لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەكێتی وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، دیداری یەکێتی دەبێتە مایەی نزیکبوونەوەی یەکێتی لە جەماوەرەکەیی و دەنگدەرەکانی، هەروەک چۆن مام جەلال وتوویەتی، “سەفین لە بن بێت یەکێتی لە بن نایەت، بۆیە هەرکەسێک پێی وایە یەکێتی لەبەردەم ڕووخاندایە خەیاڵی خاوە”.

باسی لەوەشکرد، “خەڵک چاوەڕێیە یەکێتی دەستپێشخەری چاکسازیی بکات و پێشڕەوی بکات، یەکێتی تاکە حیزبە ڕەخنە دەگرێت و قبوڵی ڕەخنەش دەکات”.

چالاكییەكانی دیدار سبەی و دووسبەی هەر لە پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی دەبن و درێژە بە گفتوگۆ و ڕاسپاردەكان لەلایەن لیژنەكانەوە دەدرێت، بەرلەوەی ڕێوڕەسمی كۆتایی ڕۆژی سێشەممە 31ی ئایار لە تەلاری هونەر ئەنجامبدرێت.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. چەند ڕۆبۆتێک دروستکراون کارەکانی ماڵەوەت بۆ دەکەن

بابەتی دواتر

ژنێکی 60 ساڵ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share