ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی لە کوشتنی عەقیدەکەی سوپای پاسداران بە واشنتۆن ڕاگەیاندووە

 

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرایکردووە، ئیسرائیل بە واشنتۆنی ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکەی لەپشت کوشتنی عەقید حوسێن سەیاد خیدائییەوەیە، بەهۆی ئەوەی پلاندانەری کوشتن و ڕفاندنی ئیسرائیلییەکان بووە لە جیهاندا.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لەزاری سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ئیسرائیلەوە کە ناوەکەی ئاشکرانەکراوە بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل ئەوەشی بە واشتنتۆن وتووە، هۆکاری کوشتنی ئەو بەرپرسە ئەوەبووە کە ئێران ئاگاداربکەنەوە لە ڕاگرتنی کارەکانی یەکەی نهێنیی 840ی سەربە سوپای پاسداران.

بەپێی ڕۆژنامەکە، کاری ئەو یەکە نهێنییەی ناو سوپای پاسداران بەرپرسە لە چالاکییەکانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی ئێران، ڕاسپێردراوە بە کاری ڕفاندن و کوشتنی بیانییەکان لەسەرتاسەری جیهاندا بەتایبەت هاوڵاتییان و بەرپرسانی ئیسرائیلی.

بەرپرسە ئیسرائیلییەکە وتوویەتی، عەقید سیاد حوسێن خیدائی جێگری فەرماندەی یەکەی 840 بووە، بەشداربووە لە پلان دژی بیانییەکان لەدەرەوەی ئێران لەناویشیاندا ئیسرائیلییەکان.

ئاماژە بەوەشکراوە، خیدائی تێوەگلاوە لەوەی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەوڵی ڕفاندن کوشتن و هێرش بۆسەر ئیسرائیلی و ئەمریکییەکانی داوە و پلانی بۆ داناوە، لەهەریەکە لە وڵاتانی کینیا، کۆڵۆمبیا، ئەسیوپیا، ئیمارات و قوبرس.

لەبەرامبەردا ئێران هەرگیز دانینەناوە بە بوونی یەکەیەک بەناوی یەکەی نهێنیی 840.

ئێران ناوی لە عەقید خیدائی ناوە “پاڵەوانی شەهید”، کە لە سەرەتاکانی تەمەنی هەرزەکارییەوە پەیوەندیکردووە بە سوپای پاسدارانەوە، هەروەها وەک خۆبەخش لە شەڕی عێراق – ئێراندا بەشداریکردووە.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، عەقید سەیاد حوسێن خیدائی لە تەمەنی 50 ساڵیدا لەدەرەوەی ماڵەکەی خۆی لەناوچەیەکی ئارامی تارانی پایتەخت تەقەی لێکرا و کوژرا، دوو ماتۆڕسکیل لە ئۆتۆمبێلەکەی نزیکبوونەتەوە و تەقەیان لێکردووە و کوشتوویانە، بەپێی میدیا ئێرانییەکان.

دوای ڕووداوەکە ئێران پەنجەی تۆمەتی سەبارەت بە کوشتنی ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران بۆ ئیسرائیل درێژکرد، تائێستا ئیسرائیل بە ئاشکرا و بەشێوەیەکی فەرمی بەرپرسیارێتی لە ڕووداوەکە ڕانەگەیاندووە.

بابەتی پێشتر

پێنج منداڵ لەلایەن باوكیانەوە ئازار و ئەشكەنجەدراون و ڕزگاركران

بابەتی دواتر

وەزیری سامانە سروشتییەکان دەستی لەکارکێشایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share