پۆلیسێكی بەلجیكی لەسەر كوشتنی منداڵێكی كورد دادگایی دەكرێت

لەگەڵ دایك و باوكیدا لە پشت كورسی شۆفێرەوە بوون و گولەكەش بەر سەری كەوتووە

سبەی دوشەممە 23ی تشرینی دووەم پۆلیسێكی بەلجیكی لە بەردەم دادگادا ئامادەدەبێت لە دۆسیەی تەقەكردن لە منداڵێكی كۆچبەری كوردی تەمەن دوو ساڵ و كوشتنی.

منداڵەكە كە ناوی مودە-یە و كچە بەهۆی تەقەكردنەكەوە كە ڕوداوەكە لە ئایاری 2018 بووە سەرەتا برینداربووە و دواتر گیانی لەدەستداوە، پۆلیسەكە تەقەی لە بارهەڵگرێكی بچوك كردووە كە شۆفێرەكەی ویستویەتی كۆچبەران لە بەلجیكاوە بۆ بەریتانیا بگوازێتەوە.

لە وتەكانیدا پۆلیسەكە وتویەتی، لەدوای شوێنكەوتنی ویستویەتی تەقە لە یەكێك لە تایەكانی بارهەڵگرەكە بكات، بەڵام ئۆتۆمبێلەكە لە ڕێڕەوی خۆی دەرچووە و گولەكەی ئامانجەكەی خۆی نەپێكاوە.

ڕوداوەكە لە بەلجیكا كاردانەوەی گەورەی لێكەوتەوە و بووە دۆسیەیەك بۆ چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ وەك هێمای مەترسییەكانی بە “تاوان ناساندنی” كۆچی نایاسایی ناویدەبەن.

ئەگەرچی ناسنامەی پۆلیسەكە ئاشكرانەكراوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەكان كەسێكی تەمەن 40 ساڵانە و باوكی دوو منداڵە و خاوەن شارەزایی هەشت ساڵەیە لەنێو دەزگای پۆلیسدا.

لە دۆسیەكەدا تۆمەتی كوشتنی نائەنقەستی دراوەتە پاڵ و بەهۆیەوە لە دادگای شاری موئنس ئامادەدەبێت، هاوشانی شۆفێری بارهەڵگرەكە و قاچاخچییەك كە هەردووكیان كوردی هەرێمی كوردستانن.

سەرەڕای ئەوەی تۆمەتبار وردەكاری ڕوداوەكەی ڕەتنەكردوەتەوە و دەڵێت تەقەكردنەكەی بۆ ناچاركردنی وەستاندنی ئۆتۆمبێلەكە بووە كە شۆفێرەكەی هەوڵی هەڵهاتنی داوە، جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە كە زانیاری نەبووە دەربارەی بوونی كۆچبەر لەناویدا.

كچەكە لەگەڵ دایك و باوكیدا لە پشت كورسی شۆفێرەوە بوون و گولەكەش بەر سەری كەوتووە.

دایك و باوكی مودە كە ساڵی 2015 عێراقیان جێهێشتووە و نیازیان بووە ڕوو لە بەریتانیا بكەن، پاش مردنی كچەكەیان لە بەلجیكا نیشتەجێبوون دوای ئەوەی مافی مانەوەیان لەبەر هۆكاری مرۆیی پێبەخشرا.

لە دۆسیەكەدا سێ پارێزەر نوینەرایەتی قوربانییەكە دەكەن، جگە لەوەی لەلایەن ژمارەیەك چالاكوانی مەدەنی و چەندان كەسایەتی ناسراوی جیهانییەوە پشتیوانییان لێدەكرێت.

چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ لە بەلجیكا دەڵێن، “دابڕاندنی كۆچبەران لە مرۆڤبوون و بەتاوان ناساندنی كۆچ دەبنە هۆی ڕوداوی خوێناوی لەم جۆرە و زیاتریش”.

چاوەڕوان دەكرێت پۆلیسەكە ڕوبەڕووی پێنج ساڵ زیندانیكردن ببێتەوە لەئەگەری تاوانباركردنی بە كوشتنی نائەنقەست، هەروەك دوو تۆمەتبار كوردەكەش تۆمەتی شۆفێری بەشێوەیەكی مەترسیداری هۆكار بۆ ڕودانی مردنیان ئاراستە دەكرێت.

بابەتی پێشتر

ژمارەیەك كەسایەتیی ئێزدی لە ڕوونكردنەوەیەكدا هێرش دەكەنە سەر پارتی

بابەتی دواتر

لیستی موچەی دوو مانگ ئامادەیە و دارایی هەرێم چاوەڕوانی پارەكەی بەغدایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share