بەهۆی خۆڵبارینەوە لە پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان بە فەرمی پشوو ڕاگەیەندرا.
بە بڕیاری پارێزگاری هەڵەبجە سبەینێ لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم لە سنووری ئەو پارێزگایە پشووی فەرمییە.
بڕیارەكە بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەیە كە هەرێمی کوردستانی بەگشتی و پارێزگای هەڵەبجەی گرتووەتەوە، هەروەها لەبەر ڕەوشی بریندارانی چەکی کیمیاوی و بۆ پاراستنی گیانی فەرمانبەرانە، لەژێر ڕۆشنایی ڕێنماییە تەندروستییەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم و ناوەند و زانیارییە کەشناسییەکان کە سبەینێش خۆڵبارین بەردەوامە، وەك ئەوەی لە ڕوونكردنەوەیەكدا هاتووە.
تائێستا لە شار و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بڕیار لەبارەی پشووی سبەینێوە نەدراوە.
پێشتر ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، چاودێریی ڕەوشی کەشوهەوا دەکەن، هەر کاتێک ئاستی خۆڵبارین لەهەر شوێنێک بگاتە ڕادەی مەترسی بۆسەر تەندروستیی مرۆڤ، بێ دوودڵی ڕاسپاردەی پشووی شوێنە فەرمیەکان و گشتیەکان دەکەن لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت لەپێناو بەرژەوەندی و تەندروستیی هاوڵاتیان.