مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەسەر بۆردوومانەكانی توركیا لە ئاغجەلەر و مەخموور هاتە دەنگ، داوای هەڵوێست لە حكومەتەكانی عێراق و هەرێم دەكات.
لە ڕاگەیەندراوێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا هاتووە، “بەنیگەرانییەکی قووڵەوە لەو پێشھاتە ئەمنی و سنووربەزاندنە دەڕوانین و ئیدانەی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سنووری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ و کەمپی ئاوارەکانی مەخموور دەکەین، كە شەهیدبوونی چوار هاووڵاتیی مەدەنی و هەشت برینداری لێكەوتەوە”.
یەكێتی سەرەخۆشی لە كەسوكاری و خانەوادەی قوربانییەكان دەكات، پەیامی بۆ توركیاش هەیە و دەڵێت، “دەستبەجێ داوای ڕاگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە ئەرکی دەستووری و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عێراق بە کوردستانیشەوە ڕابپەڕێنێت و لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە حکومەتی تورکیا لەم پێشێلکارییە ئاگاداربکاتەوە”.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتی داواشدەكات “حکومەتی ھەرێمیش لەسەر ئەم ڕووداوە بانگهێشتی کونسوڵی تورکیا لە ھەرێم بکات و ڕوونکردنەوە بدرێت، چونکە ھیچ بیانوویەک نییە بەھۆی سنووربەزاندنەوە خەڵکی مەدەنی لە ڕووی گیانی و مادییەوە زەرەرمەندبن”.
یەكێتی دووپاتیكردووەتەوە، “خوێنی ھاووڵاتییانمان پیرۆزە و داوادەکەین پیرۆزییەکانمان بپارێزرێت و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکرێتە کلیلی چارەسەری کێشەکان”.