ئاوڵە جیهان دەترسێنێت.. ئایا دەبێتە پەتایەکی هاوشێوەی کۆرۆنا؟

 

سیستمی تەندروستیی ئەڵمانیا بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵە بە گەورەترین نەخۆشیی بڵاوبووەوە لە ئەوروپا ناودەبات لە ئێستادا، دوای ئەوەی زیاتر لە پێنج وڵات تۆمارکردنی نەخۆشییەکەیان ڕاگەیاند.

هەریەکە لە وڵاتانی بەریتانیا، ئیسپانیا، پرتوگال، ئەڵمانیا و ئیتالیا نەخۆشییەکەیان تێدا بڵاوبووەتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیا، ئەوەی جیهانی ترساندووە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیە لەدەرەوەی ئەفریقا.

پرسیاری گرنگی ئێستا لای شارەزایانی بواری پزیشکی ئەوەیە ئایا نەخۆشییەکە دەبێتە پەتایەکی بەربڵاوی هاوشێوەی کۆرۆنا؟

سەرەڕای نیگەرانییەکان لە تۆمارکردنی زنجیرەیەک حاڵەتی تووشبوون بە ئاوڵە، بەڵام شارەزایانی پزیشکی پێیان وایە ئەم نەخۆشییە نابێتە پەتایەکی هاوشێوەی کۆڤید-19 لەبەرئەوەی نەخۆشییەکە وەکو کۆرۆنا بەخێرایی بڵاونابێتەوە و توانای گواستنەوەی هاوشێوەی کۆڤید-19 ئاسان نییە بۆیە ئاوڵە نابێتە پەتایەکی وەک سارس- کۆڤ- 2.

سیستمی پزیشکیی هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا کە یەکەم حاڵەتی نەخۆشییەکەی لە وڵاتەکەدا تۆمارکرد دەڵێت، “هەرچەندە نەخۆشیی ئاوڵە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی لاوازە لە گواستنەوە بەڵام ئێستا گەورەترین و بەربڵاوترین بەخۆشیی گواستراوەیە لە ئەوروپا”.

لەبارەی نەخۆشییەکەوە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە، تائێستا هیچ ڤاکسینێکی تایبەت بە ڤایرۆسەکە نییە، بەڵام ئەو ڤاکسینانەی دیکە کە پێشتر بۆ پارێزگاری لەو نەخۆشییە بەکارهێنراون بەڕێژەی 85% کاریگەرن.

لە ساڵی 1970وە نەخۆشییەکە لە 11 وڵاتی ئەفریقا تۆمارکراوە، لە ساڵی 2017دا بەشێوەیەکی بەربڵاو لە نەیجیریا بڵاوبووەوە.

بەڵام تووشبوون و بڵاوبوونەوەی لە ئەوروپا بۆ یەکەمجار لە 7ی ئایاردا بوو لە ئینگلتەرا، لەوکاتەوە تائێستا زیاتر لە 64 حاڵەت لە کیشوەرە پیرەکە و زیاتر لە 100 حاڵەت لەدەرەوەی ئەفریقا تۆمارکراوە ئەمەش جیهانی تووشی ترس کردووە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

بابەتی پێشتر

ڕوسیا هەناردەی غازی بۆ فنلەندا ڕاگرت

بابەتی دواتر

مارسیدس گرانترین ئۆتۆمبێلی جیهان دەفرۆشێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share