هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا یەكێك لە لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی دەڵێت، “لە نیوە كۆی یەكی ژمارەی پەرلەمانتاران نزیكبووینەتەوە”.
هەواڵەكە جەواد غەزالی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نوری مالكی ڕایگەیاندووە و ئاشكرایكرد، چێوەی هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمانتارە سەربەخۆكاندا دانوستاندن دەكات و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆكانیان دەستپێدەكەن.
وتیشی، “لەگەڵ بزوتنەوە نوێیەكان و پەرلەمانتارانی سەربەخۆدا وتووێژ دەكەین و چێوەی هەماهەنگی نزیكبووەتەوە لەوەی ژمارەی پەرلەمانتارەكانی بگات بە نیوە كۆی یەك”.
پێكهێنانی حكومەتی عێراق پێویستی بە دەنگی یەك كۆی نیوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانە، تا ئێستا نە هاوپەیمانیی سێقۆڵیی سەدر – بارزانی – حەلبووسی و نە چێوەی هەماهەنگی نەیانتوانیوە ئەو ژمارەیە لە پەرلەمانتار كۆبكەنەوە.