بۆ ئەوەی ماڵێکی کەشخەت هەبێت ئەم بیرۆکانە جێبەجێ بکە

هەمیشە هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان لە جوانترین و سەرنجڕاکێشترین دیکۆردا دەبینین ئەوەش بەهۆی بەکارهێنانی چەند بیرۆکەیەک لە دانان و ڕێکخستنی کەلوپەلەکاندا، ئێمە لە ماڵەکانماندا دەتوانین هەمان ئەو بیرۆکانە جێبەجێبکەین تاوەکو ماڵێکی کەشخە و سەرنجڕاکێشمان هەبێت.

هەشت بیرۆکە بۆئەوەی دیکۆری ماڵەکەت سەرنجڕاکێش بێت:

یەکەم: دەروازەی چوونە ژوورەوەی ماڵەکەت با سادە بێت و دووربێت لە جەنجاڵی و کەلوپەلی زۆر، هەروەها بۆنخۆشکردنی بە بۆنە تایبەتەکانی ناوماڵ.

دووەم: ڕووناکیی ماڵەکەت با زیاتربێت، هەوڵبدە ژوورەکانت و شوێنە کراوەکانی ماڵەکەت ڕووناکییەکانیان هەمان ئاستبن نەک بەشێکی ڕووناکیی کەم و بەشێکی زیاتر ڕووناک بێت.

سێیەم: نەخشی جیبسمی، بەکارهێنانی ئەو نەخشە جیبسمیانەی کە لەگەڵ تۆنی کەلوپەلی ناوماڵەکەتدا یەکبگرێتەوە، بەکارهێنانیان بۆ ڕازاندنەوەی بنمیچ، دیوار و بەشێک لە شوێنە تایبەتەکانی ماڵەکەت.

چوارەم: دیکۆری دیوارەکانی ماڵەکەت بە پەڕە و لەزگەی تایبەت و نەخشێنراو بڕازێنەوە، یان بەکارهێنانی دار و تابلۆ لە ڕازاندنەوەی دیوارەکاندا.

پێنجەم: قەبارە و ڕەنگی مۆبیلیاتەکانی ناوماڵەکەت، هەوڵبدە مۆبیلیاتەکانت بە قەبارەیان  گەورەبێت و ڕەنگەکانیان کراوە بن، ئەمە ڕێگایەکە بۆئەوەی ماڵەکەت کەشخە و سەرنجڕاکێش بێت.

شەشەم: ئاوێنەی گەورە، بەکارهێنانی ئاوێنەی گەورە وادەکات ژوورەکانی ماڵەکەر درەوشاوەتر و ڕووناکتر دەربکەوێت تیشکدانەوەی ئاوێنەکە وادەکات شوێنەکە گەورەتر و کراوەتر دەربکەوێت.

حەوتەم: ڕووەک و درەختەکانی تایبەت بە ناوماڵ، بوونی ئەو ڕووەکانە وادەکات سوچ و شوێنە مردووەکانی ماڵەکەت زیاتر دەربکەوێت، هەوڵبدە ڕووەک و ئینجانەکانت گەورەبن.

هەشتەم: بەکارهێنانی پەردەی گەورە و ڕەنگ کراوە بۆ ماڵەکەت، بەجۆرێک پەردەکانت تا بنمیچی ماڵەکەت بەرزبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share