ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی زانیاریی لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆوە نییە

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بێئاگایی ئەنجومەنەکەی لە کۆبوونەوەی نێوان ‏سەرۆکی حکومەت و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە ڕاگەیاند و وتی، “زانیارییەکان ‏لە هەولێرن و ئێمە ئاگاداری هیچ نین لەوبارەیەوە”.‏

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ‏سلێمانی ڕایگەیاند، هیچ زانیارییەک لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و ‏پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و ‏گەرمیان نەدراوە بە ئەنجومەنەکە، چ لەبارەی کاتی کۆبوونەوەکە چ لەبارەی شوێن و ‏شێوازی کۆبوونەوەکە. ‏

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی، “ئێمە ئاگامان لەو کۆبوونەوەیە نییە، ‏زانیارییەکان لە هەولێرن نەک لای ئێمە”. ‏

ئازاد محەمەد ئەمین ڕەتیشیكردەوە كێشە لە كۆكردنەوەی داهاتی هەرێمی كوردستاندا ‏هەبێت، لەكاتێكدا سەرۆكی حكومەت داوای ڕوونكردنەوە لە بەرپرسانی سنوورەكە دەكات ‏لەبارەی داهاتەوە.‏

جەختیکردەوە، داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی بەوپەڕی شەفافییەوە دەچێتە بانکی ‏ناوەندیی سلێمانی، بەڵام داهاتی سنوورەکە خۆی هەر کەمە و ئێستا لەبەر چەند هۆکارێک ‏کەمتریش بووەتەوە. ‏

بڕیارە ئەمرۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ‏حكومەت، لەبارەی پرسی داهاتەوە، لەگەڵ هەریەكە لە پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە ‏و هەروەها سەرپەرشتیارانی ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەرین كۆببنەوە.‏

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەسرور بارزانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بێئاگایی خۆی ‏لە دواكەوتنی مووچە و هۆكاری كەمیی داهاتی سلێمانی ڕاگەیاند، بۆیە داوایكرد لەگەڵ ‏بەرپرسانی سلێمانیدا كۆببێتەوە و پرسەكانی بۆ ڕوونبكەنەوە.‏

لە بەرامبەردا یەكێتی و چەند پەرلەمانتارێكی دیكەش هۆكارەكانی كەمبوونەوەی داهاتی ‏سلێمانییان ڕوونكردووەتەوە، كە بەشێكیان پەیوەندیی بە بردنەوەی باج و ڕسوماتەوە هەیە ‏لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، ئەمە جگە لەوەی سلێمانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تەنها لەگەڵ ‏ئێراندا هەیە، لەكاتێكدا هەولێر و دهۆك لەگەڵ سێ وڵاتدا سنوور و ئاڵوگۆڕیان هەیە.‏

بابەتی پێشتر

شۆفێرێك ئەو كەسانە بە "كافر" ناودەبات كە سواری تەكسییەكەی نابن

بابەتی دواتر

بڕیاری بردنە دادگا بۆ هۆشیار زێباری دەركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share