عێراق.. بەهۆی خۆڵبارینەوە چوار هەزار كەس ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون

لە شەوی ڕابردووەوە شەپۆلێكی دیكەی خۆڵبارینی چڕ ژمارەیەك لە شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە

ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی خۆڵبارینەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەكان و چارەسەریان بۆ كراوە گەیشتە چوار هەزار كەس، وەك ئەوەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشكرایكردووە.

وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، سەرجەم حاڵەتەكان چاودێری و چارەسەری پێویستیان بۆكراوە.

لەكاتێكی پێشتردا وەزارەتەكە ژمارەی حاڵەتەكانی تەنگەنەفەسی و تێكچوونی تەندروستی بەهۆی خۆڵبارینەوە بە دوو هەزار حاڵەت دیاریكردبوو.

لە شەوی ڕابردووەوە شەپۆلێكی دیكەی خۆڵبارینی چڕ ژمارەیەك لە شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و تائێستا بەردەوامە، لە هەندێك ناوچە ئاستی بینین بۆ چەند مەترێكی كەمبووەتەوە.

بەهۆیەوە بۆماوەیەك گەشتی ئاسمانی لە فڕۆكەخانەكانی سلێمانی، بەغداد و نەجەف ڕاوەستان.

هاوكات لە كەركوك و شەش پارێزگای عێراق دەوامی فەرمی جگە لە فەرمانگەكانی تەندروستی و خزمەتگوزاری ڕاگیرا.

هەروەها وەزارەتی پەروەردە تاقیكردنەوەكانی بۆ سێشەممە دواخست، زانكۆكانیش ئەو تاقیكردنەوەیان دواخست كە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجامبدرێت.

چاوەڕوان دەكرێت لە ئێوارەی ئەمڕۆوە كاریگەری خۆڵبارینەكە كەمببێتەوە، وەك ئەوەی فەرمانگەی كەشناسیی عێراق ئاماژەی پێداوە.

شەپۆلەكە هەشتەمینە لە ناوەڕاستی نیسانی ڕابردووەوە، لە دوو مانگی دوایدا شەپۆلەكانی خۆڵبارین لە عێراق و هەرێمی كوردستان ڕوویان لە زیادبوون كردووە، شارەزایان هۆكارەكەی بۆ گۆڕانی ئاووهەوا، كەمی دابارین و بەبیابانبوون دەگەڕێننەوە.

خالد سلێمان نووسەر و ڕۆژنامەنووسی تایبەتمەندی بواری ژینگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەوەی یارمەتی دەدات بۆ كەمكردنەوەی زیان و كاریگەریییەكانی خۆڵبارین، یەكەمیان پاراستنی خاكە، ئەو خاكەی لەڕووی سەوزاییەوە لەدەستدراوە، كە دەتوانرێت جارێكی دیكە ژیانی بخرێتەوەبەر و سەوز بكرێتەوە.

ئاشكراشیكرد، چارەسەركەش تەنها پشتێنەی سەوز نییە كە زۆر باسی لێوەدەكرێت، بەڵكو چارەسەر ئەوەیە هەموو ئەو ڕووبەرانەی سەوز بوون و سەوزاییان لەدەستدراوە، سەوزبكرێنەوە.

هەنگاوی دووەمی چارەسەریش وەك ئەوەی خالد سلێمان ئاماژەی پێدا، بەكارهێنانێكی حەكیمانە و دوورمەودایە بۆ سەرچاوە سروشتییەكانی وەك ئاو و ئەوەی وت، بۆ نمونە ئەو هەموو ئاوە بەكاردەهێنرێت و فڕێدەدرێتە ناو ڕووبارەكانەوە و ڕووبارەكانی پێ پیسدەكرێت، دەتوانرێت جارێكی بەكاربهێنرێتەوە لە سەوزكردندا، لە زۆر پرۆژەی كشتوكاڵی و پرۆژەی دیكەی پارمەتیدەردا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی.

بابەتی پێشتر

سۆنی مۆبایلێکی نوێ دەخاتە بازاڕەوە

بابەتی دواتر

بە تەمەنێکی بچووکەوە باشترین یاریزانی شەتڕەنجە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share