کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان لەبارەی گرانبوونی نرخی مریشکەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و هۆکارەکانی ئاشکرادەکات، بەپێی ڕوونکردنەوەکە یەکێک لە هۆکارەکان لەناوچوونی 70%ی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکانە بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا نازم عەبدوڵا سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئاشکرایکردووە، بڵاوبونەوەی نەخۆشی، گرانبوونی عەلەف و جوجک، خراپی ڤاکسین هۆکاری گرانبوونی مریشکن.
ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، نرخی مریشکی زیندوو پەیوەندیی بە بەرهەمهێنانی مریشکەوە هەیە، لەبەر ئەوەی ئێستا کڕینی جوجک، دەرمان، عەلەف، گاز و پێداویستییەکانی بەخێوکردن گرانبوون، حکومەتیش هیچ هاوکارییەکیان ناکات بۆیە نرخی مریشک بەرزبووەتەوە.
“نەخۆشییەکانی (نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ و ئایبی بووەتەهۆی لەناوبردنی 70%ی جوجکی ناو هۆڵەکانی بەخێوکردن، ئەوەش بەهۆی بەکارنەهێنانی ڤاکسین بۆیان” سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئەوە بە هۆکارێکی گرانبوونی مریشک دادەنێت.
داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە ڤاکسینیان بۆ دابینبکات و بە فرۆشتن بیدات بە کێڵگە پەلەوەرییەکان چونکە ئەوە بابەتێکە تەنها حکومەت دەسەڵاتی هەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکات و “ئەمنی قەومییە”.
بەپێی وتەی نازم عەبدوڵا، “مریشک نرخی خۆی ناکاتەوە و خاوەن کێڵگەکان لەزیاندان، بەهۆی لەناوچوونی مریشک لە هۆڵەکاندا هەرکیلۆیەک مریشک لەسەر خاوەن پرۆژە سێ هەزار و 250 دینار دەکەوێت لەناو هۆڵی بەخێوکردن، ئەگەر ڕێژەی 30% مریشک بمرێت، خاوەن کێڵگە کیلۆی مریشک بدات بە حەوت هەزار دیناریش هەر لە زیاندایە و مایەی خۆی ناگرێتەوە”.