فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێن بەغداد بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت و حکومەت بتوانێت موچەکەیان پێبدات، بەڵام وەک ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت ئێستا بژاردەکان لە دەستی مستەفا کازمیدایە.
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئێستا ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە دەست سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە، ئەو دەتوانێت بە ڕێککەوتنەکەی پێشوتر یان بە یاسا نوێیەکە بەشە بودجەی هەرێم ڕەوانەبکات”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی، “چارەسەری سێیەم بۆ ئەم پرسە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ ڕێکبکەوێت بۆ ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی عێراق داوای دەکات، تا حکومەتی عێراق بتوانێت بڕەپارەی هەرێم ڕەوانە بکات”.
شیروان میرزا پێشیوایە یاساکە دەرفەتی هێشتوەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم، چونکە دەتوانن هەردولا لەسەر بڕ و ژمارەی ئەو نەوتە ڕێکبکەون کە هەرێم دەبێت ڕادەستی بکات.