داواکارییەکان بۆ دابەزاندنی نرخ و گۆڕینی دەسەڵاتن.. خۆپیشاندانەکانی ئێران بەربڵاوتر دەبن

خۆپیشانداکانی ئێران بەربڵاوتر بوون و خەڵک داوای چارەسەرکردنی کێشەی گرانیی خۆراک دەکەن، کە ماوەی هەفتەیەکە بە شێوەیەکی بەرچاو نرخەکەی بەرزبووەتەوە.

چاودێران تێبینییان کردووە، لە 48 کاتژمێری پێشوودا دروشم و ناڕەزایەتییەکان بە ئاقارێکدا چوون کە دژی ڕژێمی وڵاتەکەن و داوای گۆڕینی دەسەڵات دەکەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوبوونەتەوە، تێیاندا خۆپیشاندەران لە دژی ڕژێمی ئێستای وڵاتەکە درووشم بەرزدەکەنەوە و لە دوو پێشهاتیشدا هێرشیان کردووەتە سەر دوو بارەگای هێزی بەرگریی باسیج-ی سەر بە سوپای پاسداران.

بەپێی ڕاپۆرت و ڤیدیۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و میلیشیاکانەوە گازی فرمێسکڕێژ بەکارهێنراوە و تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا کراوە.

لە چەندین جێگەدا خۆپیشاندەران هاواریان بۆ ڕووخانی خامنەیی و ڕەئیسی کردووە و دروشمیان دژ بە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێران بەرزکردووەتەوە، کە پێشتر بەڵێنی دابینکردنی هەلی کار و ڕزگارکردنی ئابوریی وڵاتەکەی داوە.

لیسا دەفتەری ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی “فۆکس نیوز” ڕایگەیاندووە، خۆپیشاندانەکان بە بەشێکی زۆری 31 پارێزگاکەی ئێراندا بڵاوبوونەتەوە و ئیدی خوزستان، ئەسفەهان، لوڕستان، سیستان، ڕەشت، ئەزەربایجان، شارمەحەل، ئەردەبیل، کرماشان، هەمەدان، بەختیاری و شەهرکوردیشی گرتووەتەوە.

بەپێی چەند ڕاپۆرتێکی پێگەی “ئێرنا”ی ئێرانی، زیاتر لە 22 خۆپیشاندەر دەستگیرکراون، بەڵام بەپێی چەند سەرچاوەیەکی دیکە، ژمارەی گیراو و زیانلێکەوتووان لەمە زیاترە و هێشتا ڕوون نییە.

ناڕەزایەتییەکان بەهۆی نالەباریی بارودۆخی ژیانەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشیان گرتووەتەوە و تەنانەت چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باس لە خوکوشتنی چەند گەنجێک دەکەن، ئەمە جگە لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی سەر شاقام.

ڕۆژی دووشەممە حکومەتی ئێران لە بڕیارێکی نوێدا ڕایگەیاندبوو، نرخی چەند خۆراکێکی سەرەتایی دەگۆڕدرێت لەڕێی لێبڕینی هاوکارییە خۆراکییەکانیانەوە، هەروەها نرخی گەنم و جۆش دەگۆڕدرێن بەپێی ئەو بەرهەمانەی لێیان درووستدەکرێت، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەیەکی توند لە نرخی نان و پێکهێنەرە سەرەکییەکانی سفرەی هاوڵاتییاندا.

پاش ئەم بڕیارە، ڕاستەوخۆ نرخی ڕۆنی چێشتلێنان بۆ 4 هێندە زیادیکرد و مریشک و هێلکەش بۆ زیاتر لە 2 هێندە.

جێی ئاماژەیە، هەر لەم ماوەیەدا نرخی نان بووەتە 5 هێندەی مانگی پێشوو، “بابۆڵە” و خواردنە خێراکانی دەرەوەش بۆ زیاتر لە 10 هێندە گران بوون.

بابەتی پێشتر

برای سەرۆكی كۆچكردوو بە سەرۆكی نوێی ئیمارات هەڵبژێردرا

بابەتی دواتر

عێراق هێز دەباتە ئەو ناوچانەی هەرێم كە توركیا بۆردومانیان دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share