پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تەنها تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ناردنی 200 ملیار دینارەكە لە دادگای فیدراڵیی عێراق نابێتە هۆی ڕاگرتنی ئەو بڕە پارەیە كە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت.
دیلان غەفور، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دادگای فیدراڵیی عێراق دەرگای بۆ هەموو هاوڵاتییەك كراوەیە دەتوانرێت هەر سكاڵایەك هەبێت پێشكەشبكرێت، بەڵام زۆركات دادگاكە بەر لە بڕیاردەدان لەسەر دۆسییەكە ئەگەر لە تایبەتمەنديی دەسەڵاتەكانی نەبێت ڕوونكردنەوە دەدات كە ئەو دۆسیەیە لەدەسەڵاتەكانی دادگای فیدراڵیدا نییە.
ئاشكرایكرد، دادگای فیدراڵيی عێراق دیراسەی سەرجەم ئەو دۆسییانە دەكات كە ئاراستەی دەكرێن و بابەتی ناردنی 200 ملیار دینارەكە بەپێی یاسای بودجەی حكومەتی عێراق ڕێكخراوە بۆیە ئاسان نییە دادگا بڕیاری ڕاگرتنی بدات.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، ئەو سكاڵایەی لەسەر ناردنی 200 ملیار دینارەكە ئاراستەی دادگا كراوە تێیدا داوانەكراوە تا ئەو كاتەی دادگا بڕیار لەسەر دۆسیەكە دەدات ناردنی ئەو 200 ملیار دینارە بۆ هەرێمی كوردستان ڕابگیرێت.
بڕیاربوو ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دادگای فیدراڵیی عێراق لەسەر سكاڵای پارێزەرێك لەبارەی ناردنی 200 ملیار دینارەكەی بەغداد بۆ هەرێم كۆببێتەوە و بڕیار لەبارەی دەستووری بوون و یاخود نەبوونی بدات و دواتر دانیشتنەكە بۆ 12ی حوزەیرانی ئەمساڵ دواخرا داواكرا لە دانیشتنی داهاتوو نوێنەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و چاودێریی دارایی عێراق ئامادەی دانیشتنەكە بن.