بۆ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل چەندت پارە پێویستە؟

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لە سیستمی نوێی تابلۆی ئۆتۆمبێلدا لە گۆڕینی قەبارەی تابلۆكە، ناوی پارێزگاكان لادەبرێن و لەبری ئەوە بۆ هەر پارێزگایەك پیتێك دانراوە و لەگەڵ ناوی عێراق بۆ پاراستنی تایبەتمەندییەكانی هەرێم و جیاكردنەوەی لە عێراق، لەسەر تابلۆكانی هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان دەنووسرێت.

فازڵ حاجی، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی ڕاگەیاند، لە سیستمە نوێیەكەدا جگە لە گۆڕینی قەبارەی تابلۆكە، ناوی پارێزگاكانی لەسەر لادەبرێت و لەبری ئەوە بۆ هەر پارێزگایەك پیتێك دانراوە.

هاوڵاتییان چۆن ژمارەی تابلۆكانیان بزانن؟

فازڵ حاجی وتی،” ئەو تابلۆیانەی ئێستا تەرخانكراون لە ژمارە (1 تا 99999) پیتی (A) بۆ ژمارەكە زیاد دەكرێت و هەمان ژمارەی خۆی بۆ تەرخاندەكرێتەوە.

ـ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە ئێستا تابلۆیان بۆ تەرخانكراوە لە ژمارە (100,000، 200,000، 3000,000، 400,000، 500,000، 600,000، 700,000، 800,000، 900,000) دووبارە تابلۆیان بۆ تەرخاندەكرێتەوە و ژمارەی دووەم لە لای چەپ لادەدرێت و پیتی (M)ی بۆ زیاد دەكرێت.

ـ ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئێستا تابلۆیان بۆ تەرخانكراوە لە ژمارە (100,001) تا دوایین ژمارە دووبارە تابلۆیان بۆ تەرخاندەكرێتەوە و ژمارەی دووەم لە لای چەپ لادەدرێت و پیتێكی بۆ زیاد دەكرێت بە پێی ئەم پیتانەی خوارەوە بە ‌پێی ژمارەی دووەم كە لابراون (0B, 1C, 2D, 3E, 4F, 5G, 6H ,7J, 8K, 9L).

ئاشكرایكرد ژمارەی سێیەم لە لای چەپ لادەبرێت ئەگەر لابردنی ژمارەی دووەمی لای چەپ ببێتە هۆكار بۆ ئەوەی كە گشت ژمارەكانی تابلۆ وەك یەك لێبێت و پیتی (M)ی بۆ زیاد دەكرێت.

ـ تەنیا پیتی (i)ی كەپیتاڵ بەكارناهێنرێت، چونكە بە ژمارە (1) دەخوێندرێتەوە و ئەمەش لە سیستەمی جیهانیدا هەر بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدەكرێت.

بۆ گۆڕینی تابلۆی كۆن چەند پارە پێویستە؟

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت،”پێشتر ئەو دوو تابلۆیەی كە هاوڵاتی لە ئۆتۆمبێلەكەی دەبەست، 50 هەزار دیناری تێدەچوو، بەڵام بۆ ئەم تابلۆ نوێیە 60 هەزارە. بۆ ئەو ئۆتۆمبێلەی كە پێشتر تۆمار كرابێت، ئەگەر ساڵانەكەی بەسەر چوو بێت، 60 هەزار دینار و سزای بەسەرچوونەكەی تێدەچێت، بەڵام ئەگەر بەسەر نەچووبێت و هاوڵاتیی خۆی بیەوێت نوێیبكاتەوە تێچووەكەی دەبێتە دوو هێندە.

بە كام تابلۆ گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەكرێت؟

فازڵ حاجی باسی لەوە كرد، ئەگەر هاوڵاتی خۆی بێت و داوای تابلۆی نوێ بكات بە مەبەستی گەشتكردنی بۆ دەرەوەی وڵات، ئەوا ئەو تابلۆیەی پێدەدرێت كە پێشتر دەدرا بۆ گەشتكردن، بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبێلەكەی تازە تۆماركرابێت و یا خۆی بخوازێت، بە سیستمی نوێ تابلۆی پێدەدرێت و دەتوانێت گەشتی پێبكات، هەرچەندە پێویستیشی بە دەفتەری چوونە دەرەوەی گومرگ دەبێت. سەبارەت بە گەشتكردن بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، هاوڵاتی بەم تابلۆ نوێیە زۆر بە ئاسایی دەتوانێت گەشتبكات، چونكە ئەم سیستەمە لە تەواوی عێراق وەك یەكە.

كرین و فرۆشتن بە تابلۆ نوێیەكە دەكرێت؟

فازڵ حاجی دەڵێت كڕین و فرۆشتن بە ئۆتۆمبێلەوە دەكرێت، بەڵام بۆ بەناوكردن و مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێلی ژمارە نوێیەكە، لە شارەكەی خۆیان دەبێت.

ئۆتۆمبێلە لێدراوەكان تابلۆی نوێیان پێ دەدرێت؟

ئاشكرایكرد، ئەو ئۆتۆمبێلانەی ژمارەی كاتین و شاسییان لێدراوە، لە كوردستان و ئیمارات پشكنینی هاتوچۆیان بۆ دەكرێت. هەر ئۆتۆمبێلێك لە ئەمریكا و ئەوروپا هێنرابێتە هەرێمی كوردستان، ئەگەر لەڕێگەی دوبەی لێدرابێت و پشكنین و هەزەیان بۆ دەكرێت، گەر كێشەیان لە شاسییەكانیان نەبێت ڕاستەوخۆ تۆمار دەكرێن، بەڵام لە بوونی هەر تەقین و بڕینەوەیەك لە شانسییەكەیان تۆمار ناكرێن.

ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل كە هەیە، كێشەی بۆ خەڵك دروستكردوە. ئێستا حكومەت هەوڵی چارەسەركردنی دەدات و كێشەكە گەیێنراوەتە وەزارەتی ناوخۆ و لەوانەیە لە ئایندەیەكی نزیك چارەسەرێك بدۆزرێتەوە.

هەر تابلۆیەكی نوێ بە چەند خولەك دروستدەكرێت؟

فازڵ حاجی وتی، “ماوەی دروستكردنی تابلۆكان و كاتی وەرگرتنەوەیان زۆر كەمبووەتەوە. كاتێك هاوڵاتیی مامەڵەكەی تەواو دەكات پسووڵەكەی وەردەگرێت، ڕاستەوخۆ دەچێت بۆ كارگەی دروستكردن و بەستنی تابلۆ و لەماوەی نیو كاتژمێر بۆی تەواو دەكرێت.

ئەگەر هاوڵاتی تابلۆكەی ون بوو، چی بكات؟

ئاماژەی بەوە كرد، ئەگەر یەكێك لە تابلۆكان ون بێت ئەوە لەلای پۆلیسی ونبووەكان پەڕاوێك دەردەچێت بۆ ونبونی یەك لە تابلۆكان و ئەو كات دروستدەكرێتەوە، بەڵام ئەگەر هەردوو تابلۆكە دیارنەمێنێت ئەوە مانای دزراوە، چونكە لەیەككاتدا هەردوو تابلۆ ونبووە بۆیە لەوكاتەدا پەڕاوی بنكەكانی نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی دەوێت.

تۆماری تایبەتمەند چۆنە؟

ئاماژەی بەوە كرد، ئەگەر هاوڵاتی بیەوێت یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی خۆی بۆ نموونە پیتی ناوی خۆی یان كەسێكی ئازیزی یا منداڵێكی لەسەر تابلۆكە دابنێت، ئەوە ڕسوماتی دەوێت كە بڕەكەی دوو ملیۆن دینارە. سەبارەت بە ساڵی لەدایكبوون یان تابلۆ ناوازەكان ئەوانە مەزاد دەكرێن بەپێی سیستەمی هەموو عێراق، ئەوكاتە هاوڵاتی بەشداردەبێت و هەر كەسێك زیاتر پارەی پێبدات دەدرێت بەو، چونكە بۆ ساڵی لەدایكبوون بەهەزاران كەس لە ساڵێكی دیاریكراو لەدایكبوون، بەڵام تابلۆكە دەدرێتە تەنیا یەك كەس، بۆیە مەزادی بۆ دەكرێت و بەپێی پارەكە وەریدەگرێت، ئەو پارەیەش دەچێتەوە سەر داهات و وەك پەرەپێدانی هاتوچۆ خەرجدەكرێتەوە بۆ شارەكان. لە بارەی مەزادەكەش پاڵپشت بە بڕیارەكانی یاسای كڕین و فرۆشتنی مۆڵك و ماڵی دەوڵەت دەبێت بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ بێت. پێش لە مەزادەكەش ئاگاداری بۆ ژمارەكە و كاتی مەزادەكە ئاگاداردەكرێتەوە لە میدیاكان.

قەبارەی تابلۆكان گۆڕانی بەسەردا دێت؟

فازڵ حاجی: قەبارەی تابلۆ نوێیەكە لەگەڵ تابلۆكانی پێشتر جیایە. تابلۆ نوێیەكە دوو جۆرە. جۆرێكیان درێژيیەكەی 52 سانتیمەتر بە 12 سانتیمەترە و جۆری دووەمیشیان بچووكتر و شێوەی لاكێشەییە، بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی سیستمی ڕاداریان هەیە یا كێشەی شوێنی تابلۆیان هەیە، دەتوانن ئەوە داوابكەن و بیبەستن، بەشێوەیەكی گشتیی تابلۆ درێژەكە دەبەسترێت.

ئەمنییەتی تابلۆكان چۆنە؟

فازڵ حاجی: سەبارەت بە ئەمنییەتی تابلۆكان، بەداخەوە ئەوانەی پێشتر دەتوانرا لاسایی بكرێنەوە یان لەسەری دروستبكرێنەوە، بەڵام ئەم تابلۆ نوێیە زۆر ئەستەمە و بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت دروستبكرێتەوە لەبەر ئەوەی هۆڵۆگرامێكی لەسەرە كە دەدرێتە بەر تیشكی ڕۆژ و شێوەكەی دەگۆڕدرێت، جگە لەوەش بەدرێژایی تابلۆكە هێڵێك لە چەند شوێنێكی تابلۆكە بە ڕەنگێكی سپی هەیە كە لەسەری نووسراوە حكومەتی هەرێمی كورستان و كەس ناتوانێت ئەوە دروستبكاتەوە، هەروەها جۆری پلێتەكەش جۆرێكە لەگەڵ ئەوانی دیكە جیایە.

بابەتی پێشتر

ئاگادارییەك بۆ ئەو مووچەخۆرانەی مووچەی مانگی ئازاریان وەرنەگرتووە

بابەتی دواتر

جێگرەوەی هالاند لە دۆرتمۆندە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share