كەمبوونەوەی دارخورما هۆكارێكی خۆڵبارینەكانە

لە دوای ساڵی 2003وە ژمارەی دارخورماكانی عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، وەزارەتی کشتوکاڵی وڵاتەكەش بە یەكێك لە هۆكارەكانی خۆڵبارین ناویدەهێنێت.

ئەمساڵ خۆڵبارین لە عێراق و هەرێمی كوردستان زیادیكردووە، چڕیی خۆڵبارینەكە لە عێراق زۆر زیاترە و بەهۆیەوە تا ئێستا 11 كەس گیانیان لەدەستداوە.

لەبارەی هەڵكشانی ئاستی خۆڵبارین لە عێراق هۆكاری جیاواز باسدەكرێت، لەوانە گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا و بەبیابانبوون و كەمبوونەوەی سەوزایی، لەو نێوەندەدا وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق هۆكارێكی دیكەی ئاشكراكرد.

حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لێدوانی بۆ میدیاکانی عێراق داوە، ڕایگەیاندووە، لە دوای ساڵی 2003وە عێراق بە بارودۆخی سەختی یەک لەدوای یەکدا تێپەڕیوە، بەهۆیەوە ژمارەی دارەکانی تا ئاستێکی بێوێنە کەمبوونەتەوە.

یەكێك لەو دارانەی وتەبێژەكە بە نموونە هێناویەتیەوە، دارخورمایە، ئاشكرایكردووە، دارخورما لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە 30 ملیۆن دارەوە بۆ 10 ملیۆن کەمبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی هەوڵیانداوە ژمارەیان بگەیەننەوە 18 ملیۆن دارخورما.

لەوەش زیاتر، وتەبێژەكەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هۆشداریی ئەوەشی داوە، كە لەگەڵ ئەوەی بەشێكی زۆری زەویی عێراق توانای سەوزبوون و كشتوكاڵكردنی هەیە، بەڵام بەهۆی کەمی ئاو و زۆربوونی با و خۆڵبارینەوە زیانیان بەرکەوتووە.

بۆیە نایف دۆخەكەی بە “لێدانی زەنگی مەترسی” وەسفكرد و بە پێویستی زانی چاو بە پرۆسەی بوژاندنەوەی سەوزەیی و چاککردنەوەی سیستمی ئاودێریی بخشێندرێتەوە.

بابەتی پێشتر

حەوت زانیاری نەبیستراو

بابەتی دواتر

ڕۆژنامەكانی ئەمڕۆ چی دەڵێن؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share