سەندیكای پزیشكانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ئەنجامی بەدواداچوونی لیژنەیەك لەسەر قسەكانی ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان پێكهێندرا و دەركەوتووە پزیشكێك تۆمەتبارە بەدەستدرێژیكردنە سەر نەخۆشێك.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەندیكای پزیشكانی كوردستان تێیداهاتووە، ئەنجامی لیژنەی بەدواداچوونی سەندیكا لەسەر لێدوانەكانی پەرلەمانتار ئەبوبەكر هەڵەدنی دوای ئەوەی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا ئەو پەرلەمانتارە پزیشكێكی تۆمەتباركردبوو بە دەستدرێژیكردنە نەخۆشێك، ئەنجومەنی باڵا لیژنەیەكی بۆ بە دواداچوون لەسەر ئەم بابەتە پێكهێنا.
لە ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، دوابەدوای دانیشتنی لیژنەكە لەگەڵ ئەبوبەكر هەڵەدنی، سووربوو لەسەر نەدركاندنی ناو و ناونیشانی ئەو كەسەی كە تۆمەتی خراوەتەپاڵ لەبەر دۆخی كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی و لە هەمانكاتدا ئامادەیی خۆی نیشاندا داوای لێبوردن بكات لەهەر پزیشكێك كەپەنجەی تۆمەتی بۆ درێژكرابێت لە ئەنجامی ئەم لێدوانەیدا.
ئاماژە بەوە كراوە، پزیشكان توێژێكی زۆر گرنگی كۆمەڵگەن و سامانێكی نەتەوەیین، پێویستە بەڕێزیان و هەموو لایەك خۆیان بە دوور بگرن لە لێدوانی ناشرین و ناوزاندنیان.
سەندیكای پزیشكان پێیوایە هەڵەدنی دەچێتە خانەی زیان گەیاندن بە كاری پزیشكی و مەترسی بۆ سەر پزیشكان. بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین كە وەكو سەندیكا سوورین لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم بەڕێزە بە فەرمی داوای لێبووردن لە پزیشكان بكات بە پێچەوانەوە كەیسەكەی دەبرێتە دادگا و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێـت.
سەندیكای پزیشكان ئاشكرایكرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە هەرێم بەردەوامدەبێت لە چاودێریكردن وپاراستنی بنەما و بەها بەرزەكانی پیشەی پزیشكی لە هەرێم و داكۆكیكاری مافەكانی نەخۆش و پزیشكان بەیەكەوە، بۆیە بە هەموو شێوەیەك بەرەنگاری هەموو ئەو هەوڵانە دەبێتەوە كە دەیانەوێت متمانەی هاوڵاتییان بە پزیشكان و پیشەی پزیشكی لە كوردستان لاوازبكەن.