ئیندیپێندت: ژنانی چالاكوان لە بەندینخانەكانی سعودییەدا دەستدرێژی سێكسییان كراوەتەسەر

ژمارەیەك لە چالاكوانە دەستگیركراوەكانی سعودییە

ڕۆژنامەی ئیندیپێندتی بەریتانی بڵاویكردوەتەوە، چالاكوانانی دۆسیەی مافەكانی ژنان لە بەندینخانەكانی سعودییەدا ڕوبەڕووی دەستدرێژی سێكسی و ئەشكەنجەدان بوونەتەوە.

ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكە كە ڕۆژی هەینی 20ی تشرینی دووەم بڵاوكراوەتەوە تیایدا هاتووە، 309 سیاسی ڕوبەڕووی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ بونەتەوە لەوەتەی محەمەد بن سەلمان بووەتە شازادەی جێنشینی سعودییە لە ساڵی 2017ەوە.

دامەزراوەی گرانت لیبرتی خێرخوازی بۆ مافەكانی مرۆڤ، كە ئامادەكاری ڕاپۆرتە بڵاوكراوەكەیە، دەشڵێت، خەڵكانێك ڕوبەڕووی مردن بونەتەوە بەهۆی تاوانێك كە ئەوكاتەی لە تەمەنی 9 ساڵیدا بوون ئەنجامیانداوە.

ڕونیشیكردوەتەوە، شەش كەس لەو 27 بەندكراوە سیاسییەی كە پێشتر چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان بوون ڕوبەڕووی دەستدرێژی سێكسی بوونەتەوە.

لای خۆیەوە خوشكێكی لجین هزلول، چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان لە سعودییە، كە بۆ بیست و سێهەمین ڕۆژە مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاندووە، دەڵێت خوشكەكە لە بەندینخانەدا ڕوبەڕووی ئەشكەنجە و دەستدرێژی سێكسی بووەتەوە.

لینا هزلول، خوشكی بچوكی لجین وتی، “خوشكەكەی لە بەندینخانەیەكی ئابلوقەدراو بە پاسەواندایە”.

لای خۆیانەوە ڕێكخراوەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایانكرد كە لجین ناچار بە چەندین ئەشكەنجە كراوە لەوانە لێدانی كارەبا و جەڵد و گێچەڵی سێكسی.

لجین، لە ئایاری 2018 لەگەڵ 10 چالاكوانی دیكەی بواری مافەكانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتی ڕیاز-ەوە دەستگیركران پاش ئەنجامدانی هەڵمەتێك لەبواری مافی ژنان لە شۆفێریكردن لە سعودییە.

هاوكات عەبدوڵا غامدی، چالاكوانی سعودی لە مەنفا دەڵێت، “لە ساڵی 2012 مافی پەنابەریم لە بەریتانیا وەرگرت، پێشتر هەڵمەتێكم بۆ كۆتایی هێنان بە دیكتاتۆرییەت و سیاسەتی سەركوتكردن لە میرنشینی عەرەبی سعودییە ئەنجامدەدا”.

غامدی ئەوەشی وتووە، “خۆشبەخت بووم كە لەو وڵاتە دەرچووم، بەڵام چیرۆكێكی دیكەی خێزانەكەم هەیە، دایكم و دوو لە براكانم دەستگیركران، نەك لەبەر ئەوەی تاوانیان كردبێت، بەڵكو بەهۆی چالاكییەكانمەوە”.

بابەتی پێشتر

توشبوون لە هەرێم كەمیكردووە.. مردن بە كۆرۆنا لە سێ هەزار حاڵەت نزیكدەبێتەوە

بابەتی دواتر

تورکیا سییەکانی عەفرین 'دەدزێت'

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share