لە هەرێمی كوردستان، گەرمیان و هەولێر لە یەكەم ئەو ناوچانە بوون كە هەڕەشە و مەترسیی وشكەساڵییان ڕاگەیاند، لەو نێوەندەدا حكومەت پارەی بۆ هەولێر تەرخانكرد، بەڵام تا ئێستا هیچ پارەیەكی بۆ گەرمیان تەرخاننەكردووە، تەنانەت پارەی تەواوەتیی ساڵی ڕابردووشیان پێنەدراوە.
گەرمیان یەكەم شوێن بوو كە وشكەساڵیی ڕاگەیاند، بەدوایدا هەولێریش مەترسییەكانی خستەڕوو، بەڵام بەدەمەوەهاتنی حكومەت بۆ هەولێر خێراتر بوو و تا ئێستا هیچ بۆ گەرمیان نەكراوە.
دوێنێ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، ئەنجومەنی وەزیران لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕی 4 ملیار و707 ملیۆن دیناری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی تەرخانكردووە.
لە هەولێر دەویسترێت بە لێدانی بیر و سوودوەرگرتن لە ئاوی ژێرزەوی وشكەساڵییەكە تێپەڕێنرێت، بەوتەی خۆشناو، لە سێیەم ڕۆژی جەژنەوە دەست بە كار دەكەن و پارەكەیان بۆ ئامادەكراوە.
گەرمیانیش وەكو هەولێر داوای بودجەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی كردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ پارەیەكی بۆ نەنێردراوە.
عەباس ئەنوەر، وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمساڵ داوایان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە بڕی 10 ملیار دیناریان بۆ تەرخانبكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ تەرخاننەكراوە.
حكومەتی هەرێم تەنها ئەمساڵ كەمتەرخەم نەبووە بەرامبەر بە گەرمیان، بەڵكو ئەو پارەیەی ساڵی ڕابردووش داوایانكردبوو، بەتەواوەتی بۆیان خەرجنەكراوە.
وتەبێژەكەی ئیدارەی گەرمیان ئاشكراشیكرد، ساڵی ڕابردوو داوای 500 ملیۆن دیناریان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی كردووە، بەڵام حكومەت نزیكەی 300 ملیۆن دیناری ناردووە و تاوەكو ئێستا تەواوی بڕەكەی نەناردووە.