بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەبێت بەسەر لاشەی مندا بۆريی غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری هەولێر لەگەڵ نوێنەر و نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی، ڕێكخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە هەریەك لە ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و ئەمین بابە شێخ، د.سۆران جەمال تاهیر و پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و فریاڵ عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی ئامادەبوون، بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی سیاسيی هەرێم، عێراق و پرسی هەڵبژاردن هەڵوەستەیكرد و بەڕاشكاویی هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی خستەڕوو و ڕایگەیاند، یەكێتی هێزێكە قورسایی سیاسی خۆی هەیە و لەناو هاوكێشە ناوخۆیی، عێراقی و جیهانییەكانیش كاریگەريی خۆی هەیە. سەرۆك مام جەلال پاشخانێكی سیاسیی گەورە و پەیوەندییەكی دۆستانەی هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دروستكردووە. ئێمەش جگە لە پاراستنی، پەرەپێدەر و درێژەپێدەری ئەو پەیوەندییانە دەبین لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و هاوبەشەكان.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاشكرایكرد، زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن و داڕشتنەوەی یاسایەكی نوێدان، بەشێوەیەك كە بوار بۆ ساختەكاری نەمێنێتەوە و تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە و پێكهاتەكان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان بن نەوەك هێز و لایەنی دیكە نوێنەرایەتییان بكەن. هەروەها لەبەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردن ڕەهەندێكی نیشتمانی هەیە، دەبێت بە سازان چارەسەربكرێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە كە ئەو یاسایە موڵكی هیچ حزب و لایەنێك نییە و دەبێت بە ڕێككەوتن و كۆدەنگی نیشتمانیی دەربچێنرێت.

لەبارەی ئەو بارودۆخە داراییەش كە بەسەر سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕیندا سەپێنراوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك بەرامبەر نادادی، ناشەفافی، قۆرخكاری، جیاكاری و بەهەدەردانی داهاتی گشتی بێدەنگ نابین و هەڵوێست و پەیامی خۆمان لەوبارەیەوە گەیاندووە.

ئاشكرایكرد، “پیلاندانان بەرامبەر خەڵكی ئەم سنوورە و دەستبردن بۆ بژێوی ژیانی خەڵكەكەی هێڵی سوورە. خەڵكەكەمان گلەیی و داواكارییەكانیان ئاراستەی ئێمە دەكەن و ئێمەش بەرامبەر ئەو دۆخە بێدەنگ نابین و هەموو ئەگەرەكان لەبەردەمماندا كراوەیە.

لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بە پرسی غاز و هەناردەكردنی وتی، دەبێت گرێبەست و شێوازەكەی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان ڕوونبكرێتەوە و نامانەوێت مەینەتییەكی تر بەسەر هەرێمەكەماندا بهێنین. بە شەفافی كار لەسەر ئەم كەیسە بكرێت و هاوڵاتییانی كوردستان بەشێكبن لە پرۆسەكە. هەموو هەوڵێكیش لە دەرەوەی ئەم داواكارییانە ئەوا ڕوون و ئاشكرا رایدەگەیەنم، دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت. ئەمەش داواكاریی خەڵكی كوردستانە جێبەجێیدەكەم و لەبەرامبەر ژیانی خەڵك و ئایندەی گەلەكەماندا، بێدەنگی و شەرمەزاری هەڵنابژێرم.

سەبارەت بە پرسی نەوت و بەهەدەردانی، بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی یەكێتی ئاشكراكرد و وتی، “بەداخەوە بەشێك لەو كۆمپانیایانەی لەبواری نەوتدا كار دەكەن لەلایەن حزبەوە ئاراستە دەكرێن و بۆ بەرژەوەندیی كەسی بەكاردەهێنرێن. بەردەوامبوونی ئەم دۆخەش قبوڵناكەین و ڕێگا نادەین هیچ هێز و لایەنێك لەسەر قوت و ژیانی خەڵك خۆیان دەوڵەمەند بكەن”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەڕێگای نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانی بیانی، ڕێكخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكانەوە پەیامێكی توند و ڕوونی ئاڕاستەی ئەو لایەنە كرد كە بە مەرام و پیلان دەیەوێت دۆخی هەرێم بە تایبەت سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین بشێوێنن و گەمارۆی داراییان بخەنەسەر و ڕایگەیاند، “یەكێتی ئەو هێزە نییە كە پاشكۆیەتی و ئیستیفزاز لە هیچ هێز و لایەنێك قبوڵبكات. بڕوامان بەخەباتی دیموكراسی هەیە و بەهەموو شێوەیەك خۆسەپێنی و تاكڕەوی ڕەتدەكەینەوە. بەڵام بۆ ڕاستكردنەوەی هەڵەكان، هەموو هەنگاوێك دەگرینەبەر لەپێناو ژیان و گوزەرانی خەڵكی خۆمان”.

بابەتی پێشتر

بەشێك لە وەزارەتەكان و خانەنشینانی سەربازیی مووچەیان وەرنەگرت و دەكەوێتە دوای جەژن

بابەتی دواتر

چەند ڕێنماییەک تاکو لەسەر کارەکەت متمانەت بەخۆت زیاتربێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share