ئەمڕۆ كۆڕبەندی G20 لە سعودیە بەڕێوەدەچێت

كۆمەڵەی وڵاتانی 20

بڕیارە ئەمڕۆ 21ی تشرینی دووەم، سعودیە میوانداری و سەركردایەتیی كۆڕبەندی جیهانیی جی20 دەكات، كارەكانی كۆڕبەندەكە بە ئۆنلاین بەڕێوەدەچن و لەو بۆنەیەدا هەشت گروپی كار دروستكراون.

دروشمی جی20 لەمساڵدا بریتییە لە “قۆستنەوەی هەلەكانی سەدەی 21 بۆ هەمووان” و بەو دروشمە كارەكانی دەستپێدەكات، شای سعودیەش بەو بۆنەیەوە لە وتاری میوانداریكردن لە وڵاتانی كۆڕبەندەكە هیوای خواستووە ژینگەیەك بێتە ئاراوە كە دەستپێشخەری و دەرئەنجامەكانی كۆڕبەندەكە ئاواتی گەلانی جیهان بەدی بهێنێت.

كارەكانی كۆمەلەی جی بیست بە وتاری شا سەلمان، شای سعودیە دەستی پێكرد، كە بەشێوەی ڤیدیۆكۆنفرانس بەڕێوەدەچێت و سەركردەی وڵاتانی بەشدار لە كۆمەڵەكە بەشدارن تیایدا.

شا سەلمان ڕایگەیاند، “وەك كۆمەڵەی وڵاتانی 20 بەشداربووین لە دابینكردنی 21 ملیار دۆلار بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا”.

ڤیدیۆ كۆنفرانسی G20…

گروپی 20 چییە؟ وڵاتانی ئەندامی كێن؟

گروپی 20 لە كۆمەڵێك وڵات پێك دێت بۆ هەماهەنگیی ئابوری، كە وڵاتانی سەرجەم كیشوەرەكانی تێدایە و ئەندامەكان نوێنەرایەتیی وڵاتە پێشكەوتووەكان و تازەپێگەیشتووەكان دەكەن، وڵاتانی جی20 نوێنەرایەتیی نزیكەی 80%ی بەرهەمە ئابورییەكانی جیهان و سێ لەسەر چواری دانیشتوانی جیهان دەكەن، هەروەها سێ لەسەر چواری قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی جیهان لای ئەو وڵاتانەن.

ئەندامانی گروپی 20 پێك دێن لە وڵاتانی، ئەرجەنتین، ئوسترالیا، بەڕازیل، كەنەدا، چین، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، هیندستان، ئەندەنوسیا، ئیتاڵیا، یابان، مەكسیك، كۆماری كۆریا، ڕوسیا، سعودیە، باشووری ئەفریقا، توركیا، بەڕیتانیا، ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا.

كۆڕبەندی جی20 لە ساڵی 2020دا

وڵاتی سعودیە ئەمساڵ میوانداری و سەركردایەتیی كۆڕبەندی گروپی 20 دەكات، ڕیازی پایتەختی ئەو وڵاتە دەبێتە وێستگەی جیهانی و بڕیاردانی نێودەوڵەتی، بەڕێوەچوونی ئەو كۆڕبەندەش هاوكاتی فشارە ئابورییەكانی جیهانە بەبۆنەی پەتای كۆرۆناوە.

سعودیە بە دروشمی “قۆستنەوەی هەلەكانی سەدەی 21 بۆ هەموان” میوانداریی كۆڕبەندەكە دەكات، ڕۆژنامەی شەڕقولئەوسەت ئاماژەی بەوەكردووە، سعودیە دەیەوێت كلیلی چارەسەری كەیسەكانی ئابوری و گەشەپێدان لەباوەش بگرێت، هەروەها وەك هەلێك دەیبینێت بۆ ئەوەی هێزی خۆی پیشان بدات لەبارەی سەركردایەتیكردنی ئەجێندای جیهان.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی كۆڕبەندەكە كە لە پێگەی فەرمی جی20 بڵاوكراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو، تەنها لە ساڵی 2020دا كۆمەڵەكە 100 كۆبوونەوەی جیاجیا گرێدەدەن، كە كۆبوونەوەكان لە چەندین جێگای جیاواز لە وڵاتی سعودیە بەڕێوەدەچن.

هەروەها لە 28ی ئەیلول نوسینگەی ڕاگەیاندنی جی20 ئاشكرایكرد، 20 و 21ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 كۆڕبەندی جی20 بە سەرۆكایەتی شای سعودیە دەست بە كارەكانی دەكات، گرنگترین كاری كۆڕبەندەكەش تاووتوێكردنی پرسی كۆرۆنایە و كە بۆ ئەو مەبەستە وڵاتانی ئەندام بڕی زیاتر لە 21 ملیار دۆلاری ئەمریكی بۆ دەستخستنی چارەسەری كۆرۆنای خستوەتەڕوو، لەگەڵ خستنەگەڕی 11 تریلیۆن دۆلار بۆ پاراستنی ئابوریی جیهان.

گروپەكانی كاری كۆڕبەندی جی20

بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەكان لەبارەی كۆڕبەندی جی20 بڵاوكراونەتەوە، لەنێو كۆڕبەندەكە هەشت گروپی كاری هەماهەنگیی سەربەخۆ دروستكراون كە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە وڵاتانی ئەندامدا كارەكانیان ڕادەپەڕێنن.

یەكەم.. گروپی كاروبار (B20)

نوێنەرایەتیی كۆمپانیاكانی وڵاتانی ئەندام لە جی20 دەكات، چ كۆمپانیا گەورەكان بن یاخود بچوك.

كاری ئەم گروپە بریتییە لە پێدانی پێشنیار و دەستپێشخەریی گونجاو بۆ جێبەجێكردن، بۆ چارەسەی ئەو قەیرانانەی بەهۆی كۆرۆناوە هاتونەتەپێش.

دووەم.. گروپی گەنجان (Y20)

گروپێكی فەرمییە بە بەشداری گەنجان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی وڵاتانی ئەندامانی نێو گروپەكە بەڕێوەی دەبەن، لەژێر چەتری جی20.

سێیەم.. گروپی كۆمەڵگای مەدەنی

ئەم گروپە تایبەتە بە كۆبوونەوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لەناو جی20.

ئەم گروپە دەبێتە میمبەرێك بۆ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆیان لەبارەی ئاڵەنگارییە داراییەكان و كۆمەڵایەتییەكان بخەنە سەر مێزی جی20.

چوارەم.. گروپی كار

ئەم گروپە كار بۆ بەرژەوەندیی كرێكاران دەكات لە تەواوی جیهاندا، ئەركی ئەم گروپە پاڵپشتییە لە مافەمانی كرێكاران بەڕێوەبردنی كەمپین بۆ وەرگرتنی مافەكانیان.

پێنجەم.. گروپی فیكر

ئەم گروپە هاوشێوەی “بانكێكی فیكر”ی كاردەكات، ئەركی ئەوەیە توێژینەوەكان بخاتە بەردەستی گروپەكە و ببێتە پردی پەیوەندیی نێوان جی20 و دەستە فیكرییەكان لە جیهاندا.

شەشەم.. گروپی ژنان

نوێنەری ڕێكخراوە ناحكومییەكانی ژنان تێیدا ئەندام دەبن، كاردەكات لەسەر پرسە جێندەرییەكان و یەكسانی ژن و پیاو.

حەوتەم.. گروپی زانست

بە بچوكترین گروپی نێو جی20 ناوبراوە، وەك كۆڕبەندێك كار دەكان نەك ڕێكراو.

هەشتەم.. گروپی ناوچە دوورەدەستەكان

یەكێكە لەو گروپانەی كە نوێنەرایەتییەكی دیپلۆماتییە بۆ چاودێری كردنی ئەو شارانەی كە ئەندام نین لە جی20، بۆ ئەوەی تاووتوێی پرسەكانی تایبەت بە ناوچە دوورەدەستەكان بكرێت، بەتایبەت پرسی گۆڕانی ئاووهەوا و تێكەڵاویی كۆمەڵایەتی.

لوتکەی G20 کە ئەمساڵ سعودیە میوانداری دەکات، ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە 21 و 22ی تشرینی دووەم بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت.

سعودیە لە تشرینی دووەمی 2019دا بۆ ماوەی ساڵێک سەرۆکایەتیی لوتکەكەی وەرگرت، دوای کۆتاییهاتنی ئەو لوتکەیەی کە لە ژاپۆن بەڕێوەچوو.

چاوەڕێ دەکرێت سەرکردەی وڵاتانی تورکیا، ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا، هیندستان و ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکەی وەک ڕوسیا و چین بەشداریی لوتکەکە بکەن.

سەرۆكکۆماری تورکیا و شای سعودیە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكکۆماری تورکیا و شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودیە، تاووتوێی هەماهەنگیی هەوڵەکانیان لەبارەی لوتکەی G20 کرد، كە سعودیە میوانداری بکات.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعودیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە، كە لەمیاندا، ئەردۆغان و شا سەلمان باسیان لە هەماهەنگیی هەوڵەکانیان كردووە لە چوارچێوەی کارەکانی لوتکەی G20، کە سعودیە میوانداری دەکات.

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆكکۆماری تورکیا و شای سعودیە باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە.

بابەتی پێشتر

ئەمریکا.. لە مۆڵێکدا تەقە بەناو خەڵکدا دەکرێت و ژمارەیەک بریندار دەبن

بابەتی دواتر

کوڕە گەورەکەی دۆناڵد ترەمپ توشی کۆرۆنا بوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share