هۆشیار عەبدوڵڵا: کورتبینیی سیاسییانەی پارتی دەبێتە کارەسات و خەڵکی ئاسایی باجەکەی دەدەن

هۆشیار عەبدوڵڵا ئەندامی خوولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمەتباردەكات بەوەی قومار بە ئێستا و ئاییندەی هەرێم و خەڵکەکەیەوە دەكات و جەختدەكاتەوە كە “بەرئەنجامی کورتبینیی سیاسییانەی پارتی، دەبێتە قەیران و کارەسات و خەڵکی ئاسایی باجەکەی دەدەن”.

لە وتارێكدا كە بە ناونیشانی “ئەملا و ئەولاکانی پارتی” لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، هۆشیار عەبدوڵڵا ئەندامی خوولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە پارتی بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ لایەنێك و تەنانەت بەبێ گەڕانەوە بۆ خوودی حزبەكە خۆی، بە بڕیار و میزاجی یەك – دوو كەس سیاسەت دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش چەند نموونەیەك لە كارە دژبەیەكەكانی پارتی دەخاتەڕوو.

هۆشیار عەبدوڵڵا نووسیویەتی، “پارتی دوای ڕیفراندۆم گوایە لە داخی ئەمریکا ڕۆیشت بۆڕیی نەوتی هەرێمی بە کۆمپانیایەکی ڕوسی فرۆشت، لەملاوە چووە بۆ بریتانیا تا بڵێ دەبینە جێگرەوەی غاز بۆ ئەوروپا وەک بەدیل و لە دژی ڕوسیا!”.

دەشڵێت، “پارتی لە لایەکەوە لەوەتەی هەیە پۆز بە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلەوە لێدەدات لە لایەکی ترەوە دەڕوات لەگەڵ سەدر پڕۆژە یاسا دژی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل گەڵاڵە دەکات!”.

دوو نموونەی تر كە هۆشیار عەبدوڵڵا دەیانخاتەڕوو، داڵدەدانی ئەو سەركردانەی سوننییەكانە لەلایەن پارتییەوە كە بە پەیوەندییان لەگەڵ بەعس تۆمەتباردەكرێن، كەچی پشتیان لە پارتی كردووە و لە بەغداد دژایەتیی دەكەن، هەروەها هەوڵدانی پارتی بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنە شیعییەكانی چێوەی هەماهەنگی لەپێناو بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماردا، لە كاتێكدا پارتی بووەتە هاوپەیمانی سەدر و حەلبووسی.

دەقی وتارەكە:-

ئەملاو و ئەولاکانی پارتی

پارتی وەک هێزی یەکەم کە حکومەتی پێکهێناوە بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، بێ گەڕانەوە بۆ حزبەکان، تەنانەت بێ گەڕانەوە بۆ حزبەکەی خۆشی بە بڕیار و میزاجی یەک دوو کەس بەمجۆرە سیاسەت دەکا،

دیقەتی ئەم ٤ نمونەیە بدەن:

نمونەی یەکەم:

پارتی دوای ریفراندۆم گوایە لە داخی ئەمریکا رۆیشت بۆڕی نەوتی هەرێمی بە کۆمپانیایەکی روسی فرۆشت، لەملاوە چوە بۆ بریتانیا تا بڵێ دەبینە جێگرەوەی غاز بۆ ئەوروپا وەک بەدیل و لە دژی روسیا!

نمونەی دووەم:

پارتی لە لایەکەوە لەوەتەی هەیە پۆز بە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلەوە لێدەدات لە لایەکی ترەوە دەروا لەگەڵ صەدر پرۆژە یاسای دژی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل گەڵاڵە دەکا!

نمونەی سێهەم:

پارتی لە لایەکەوە هەر دوای کەوتنی صەدام و بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی داعش هەولێری کردۆتە جێگەی حەوانەی ئەو سەرکردە سوننانەی بە تۆمەتی بەعسی بون و نزیکیان لە داعش تێوە گلاون، کەچی بە فیکەیەک ئەو سوننانە گەڕانەوە بۆ بەغدا بۆ دژایەتی هاوپەیمانیە سێ قۆڵیەکەی بارزانی و حەلبوسی و صەدر!

نمونەی چوارەم:

پارتی لە لایەکەوە بێ پرسی هیچ حزب و لایەنێکی کوردستانی چووە هاوپەیمانی لەگەڵ صەدر و داوای سەرۆکایەتی کۆماری کرد، ئینزارێکی سوور و دوو زەردی وەرگرتوە لەسەر ئەو هەنگاوە، کەچی تازەبە تازە ژێراو ژێر لەگەڵ چوارچێوەی هاوپەیمانی شیعەکان کەوتۆتە دانوستانی نهێنی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار.

هەموو ئەوانەی بە ویژدانەوە وێنەکە دەبینن دەزانن کە پارتی ئێستا حزب نەماوە، سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی، رۆڵیان سفرە، پارتی ئێستا علاقەی لەگەڵ حزبەکانی کوردستان سفرە، پارتی ئێستا عیبارەتە لە میزاج و بریاری باوکێک و کوڕەکەی!

ئەم ئەملاولاکردنە قومارکردنە بە ئێستا و ئایندەی هەرێم و خەڵکەکەیەوە و کاتێک بەرەنجامی ئەو کورتبینیە سیاسیانە دەبێتە قەیران و کارەسات خەڵکی ئاسایی باجەکەی ئەدا.

تازەترین نوکتەی سیاسییان کۆنفیدڕالیەکەیە، لەدەرفەتی تر قسەی لەبارەوە دەکەین.

هۆشیار عەبدوڵا

بابەتی پێشتر

ڕاگەیەندراوێك لە كەشناسیی هەرێمی كوردستانەوە

بابەتی دواتر

ئیمانوێل ماكرۆن: كار بۆ ئەوە دەكەین ئەوروپا بەهێزتر بكەین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دوو پلەبەرزكردنەوە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران ئەژماردەكرێت؟
ڕوونكردنەوە دەدرێـت

سەرۆكی ڕێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان زانیاریی نوێ لەبارەی دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران ئاشكرادەكات و جەختیشدەكاتەوە ئەگەر تا…
Total
0
Share