قەیرانی سیاسیی عێراق بەكوێ دەگات؟
پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەبەردەم چەند سیناریۆیەكدایە

ئەگەرچی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی گشتیدا تێپەڕیووە، هێشتا ئاسۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق نادیارە، پەرلەمانتار و شارەزایان باس لە ئەگەری چەند سیناریۆیەك دەكەن.

هەڵبژاردنی پێشوەختە كە لە تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو وەك وەڵامدانەوەی خواستی خۆپیشاندەر و هاوڵاتییانی ناڕازیی بەڕێوەچوو، سەرەڕای تێپەڕبوونی نیو ساڵ بەسەریدا هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتووەتەوە.

زیاتر لە دانیشتنێكی ئەنجومەنی نوێی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كە كلیلی هەنگاونانە بۆ ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بێ ئەنجام كۆتایییهات، ئەو ناكۆكی و لێكترازانەی لەنێوان ماڵی شیعە و نێوماڵی كوردیدا هەیە، هەر هەنگاوێكی بەو ئاراستەیە بێ چارەسەر هێشتووەتەوە.

دوای بێئەنجامبوونی دانیشتنەكان، وادە 40 ڕۆژییەكەی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدریش لە كۆتاییەكەی نزیكدەبێتەوە، بەهۆیەوە چاوەڕوانكراوە لە هەفتەی دووەمی مانگی داهاتووەوە گفتوگۆ و دانوستانی نێوان لایەنە سەرەكییە براوەكانی هەڵبژاردن دەستپێبكەنەوە.

پەرلەمانتار و شارەزایانی سیاسی پێیانوایە بۆ قۆناغی داهاتوو چەند سیناریۆیەك لە ئارادایە، لە دەرفەتدان بە كابینەی ئێستاوە تا ڕێككەوتن و كۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسی.

كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی سەوز بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هیچ دەستپێشخەرییەكی نوێ لەئارادانییە تا پێش كۆتایی مانگی ڕەمەزان، یان دوای كۆتاییهاتنی جەژن هەنگاو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ بنرێت.

وتیشی، “بەهۆی ئەو وادەیەی موقتەدا سەدر و هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە، جۆرێك لە هێوری لە ئارادایە و زەمینە لەبارە بۆ دانوستان و گفتوگۆی نێوان لایەنەكان، جگە لەوەی ئێران و ئەمریكاش بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە هەوڵ و دەستپێشخەرییەكانیان لەسەر هێڵن”.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

ئەو پەرلەمانتارە ئەگەرێكی لەبارەی هەنگاوێكی جێگرەوە كە لایەنەكان لەسەری كۆكن خستەڕوو بەوەی دەرفەتێك بدرێتە كابینەی ئێستا، “هەم بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2022، هەم بۆ ئەوەی بوارێكی باشتر لەبەردەم لایەنەكاندا هەبێت تا گرێكوێرەكان بكرێنەوە”.

ڕوونیشیكردەوە، “یەكێك لە ئەگەرە بەهێزەكان ئەوەیە ئەنجومەنی نوێنەران دوای جەژن دەستبكاتەوە بە كارە ئاساییەكانی خۆی و پێكهێنانی لیژنەكان و خوێندنەوە بۆ یاساكان، بەهۆی ئەوەش لایەنەكان تاڕادەیەك ڕایان لەسەر مستەفا كازمی و دكتۆر بەرهەم ساڵح خراپ نییە، ئەنجومەن دەتوانێت دەرچەیەكی یاسایی و دەستووری بدۆزێتەوە و ئەركی كابینەكە لانیكەم شەش مانگ یان تا كۆتایی ئەمساڵ درێژبكاتەوە”.

بەدەر لەو سیناریۆیە پەرلەمانتارەكەی یەكێتی تەنها ئەگەری ڕێككەوتن بە تاكە ڕێگا دەزانێت و وتی، “هەر هەوڵێك بۆ تێپەڕاندن بە بنەمای زۆرینە و كەمینە كۆتایی هات، بەتایبەت لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا زیاتر لە جارێك دەركەوت، بۆیە باشترین بژاردە و سیناریۆ ڕێككەوتنە و پێشبینییەكان وان بەبێ ڕێككەوتن دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەنجامنادرێت، مەگەر تەنها ڕیزبەندی تازە دروستبێت و گۆڕانكاری بەسەر هاوپەیمانێتییەكاندا بێت لەڕووی ژمارەی كورسییەوە ئەمەش ئەگەرێكی چاوەڕوان نەكراوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، چێوەی هەماهەنگی و لایەنەكانی هاوپەیمانی ئامانجی سەرەكییان ئەوەیە شیعە گەورەترین فراكسیۆن دروستبكات و هەر كەسێك كاندید دەكرێت، فراكسیۆنی گەورەی شیعە پشتیوانیی بكات، مەبەستیانە بیسەلمێنن شیعە گەورەترین پێكهاتەی عێراقە. بۆ ئەوەش هێورییەك لەنێوانیاندا، ئەو گرژییەی ڕابردوو نەماوە.

یاروەیس دووپاتیشیكردەوە، “ئەگەر شیعە ڕێككبكەون لەسەر سەرۆك وەزیران و ئامادەبن بە یەك كاندید هاوبەش بێنە پەرلەمان، ئەوكات زۆر چاوەڕێی كوردیش ناكەن، بەڵكو ئەوكات یەكێتی و پارتی كاندیدی خۆیان دەبەنە پەرلەمان و بە دەنگدان یەكلاییدەكەنەوە”.

هادی عامری و موقتەدا سەدر

لای خۆیەوە شارەزایەكی سیاسیی عێراقی پێیوایە زیاتر لە سیناریۆیەك لەبارەی دۆخی سیاسیی داهاتووی عێراق لە ئارادایە.

ئیحسان شمەری شارەزایی كاروباری سیاسیی عێراق وتی، ئەگەر ڕێككەوتن لەنێوان ڕەوتی سەدر و چێوەی هەماهەنگی لەماوەی نزیكی داهاتوودا نەیەتە ئاراوە، ئەوا ئەگەری هەیە سەدر یەكێك لە سیناریۆكان بگرێتەبەر.

یەكەمیان بەپێی وتەی ئەو شارەزایە ڕاگەیاندنی بوونە ئۆپۆزسیۆنە، ئەمەشیان لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیی سێقۆڵیدایە.

شمەری لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، “سیناریۆی دووەم، داواكردنی فراكسیۆنی سەدرە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، بەڵام ئەم داوایە لەلایەن فراكسیۆنەكانی دیكەوە ڕەتدەكرێتەوە و دەنگ ناهێنێت. سیناریۆی چوارەم پەنابردنەبەر دادگای فیدڕاڵییە بۆ دەركردنی بڕیارێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران”.

دوا سیناریۆش وەك ئەوەی شارەزاكە باسیدەكات، “هاتنەدی سازانە لەنێوان ڕەوتی سەدر و چێوەی هەماهەنگی، بەوەی موقتەدا سەدر نابێتە بەرپرسی تەواوەتی كارەكانی حكومەتی داهاتوو، ئەم پرسە هۆشداری لەبارەوە لەئارادایە”.

بابەتی پێشتر

لە هەولێر خۆپیشاندانە.. شۆفێران ڕێگەیەكیان داخستووە

بابەتی دواتر

كەشناسی: ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ڕوو لە هەرێم دەكات شەستەباران و هەورە تریشقەشی لەگەڵە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share