بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، نرخی ماسی لە بازارەكاندا گرانبووە و یەك كیلۆ ماسی گەیشتووەتە 9 هەزار دینار، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانیش دەڵێت، “بەهۆی قەدەغەكردنی ڕاوەماسییەوە ڕێگا بە هاوردەكردنی سامانی ماسی لە دەرەوە دەدرێت”.
سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەهۆی قەدەغەكردنی ڕاوەماسی لە هەرێمی كوردستان نرخی یەك كیلۆ ماسی گەیشتووەتە 8 هەزار و 500 بۆ 9 هەزار دینار لە بازارەكاندا و بەرهەمی ماسی كەمبووەتەوە و ئەوەش وایكردووە نرخەكەی بەرزببێتەوە.
بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی سلێمانی وتی، ” وەرزی قەدەغەكردنی ڕاوەماسی لە 15ی شوباتەوە تا 15ی حوزەیرانە و داوامانكردووە ڕەزامەندی بۆ هاوردەكردنی ماسی لە دەرەوە بدرێت”.
هاوكات شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی لەلێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی ماسی لە بازارەكاندا بەهۆی قەدەغەكردنی ڕاوەماسی بووە و هەفتەی ڕابردوو ڕەزامەندیی دراوە بۆ هاوردەكردنی بەرهەمی ماسی لە دەرەوە و ئەگەر ئەو هەنگاوە جێبەجێنەكرێت نرخەكەی لەوە ئێستا كە هەیە گرانتردەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان بەر لە قەدەغەكردنی ڕاوەماسی نرخی یەك كیلۆ ماسی بە 3 هەزار بۆ 3500 دیناربووە.