كاركردنی فەرمانبەری خۆبەخش بۆ سلێمانی ڕەتدەكرێـتەوە بۆ زۆنی ئەولا بە لێشاو دادەمەزرێندرێن

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی سێمانی ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی تەندروستی كاركردنی فەرمانبەری خۆبەخش بۆ تەندروستیی سلێمانی ڕەتدەكاتەوە و بۆ زۆنی ئەولا خەڵك بە لێشاو دادەمەزرێندرێن.

دكتۆر هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، دوو ڕوویی وەزارەتی تەندروستی و ئەنجومەنی وەزیرانی زۆنی زەرد لە سیاسەتكردن بەرامبەر دۆخی تەندروستی و كارمەندانی دانەمەزراوی ئەم زۆنە هەموو سنوورێكی ئەخلاقی تێپەڕاندووە.

بەرپرسەكەی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، “پێویستە وەزیری تەندروستی بێ سێ و دوو ڕوونكردنەوە بدات و پۆزش بۆ كارمەندانی دانەمەزراو و خۆبەخشی ئێرە بێنێتەوە لە كاتێكدا تەنانەت فەرمانی كاركردن بە خۆبەخشیش بۆ ئێمە ڕەتدەكاتەوە بە خشكەیی و بەبێ دەنگی لیستی دامەزراندن بۆ زۆنی ئیدارەی ئەولا ژێر بەژێرو لارە لار ڕادەگەیەنن”.

ئاشكرایكرد، كاتێك دێتە سەر قسە و باسی دوو ئیدارەیی هەموو ئۆباڵەكە دەخەنە سەر لایەنی دیكە، بەڵام ئێمە دەمێكە گوتومانە كە ئەوەی بەرامبەر ئێرە دەكرێت سزاو كێبڕكێ و باجی سیاسییە كە زەرەرمەندی سەرەكی تێیدا سلێمانییە.

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی دەڵێت” دەرمان و پێداویستیی پزیشكی لە لێواری وشكبوونە و وەزیری تەندروستی لە چاوی سیاسەتی حزبەكەی دەیخاتە سەر نەبوونی پارەی نەختینە كە لەوانەیە بەشێكی ڕاست بێت، بەڵام بەشە هەرە گرنگەكەی وەزیر و وەزارەتی تەندروستییەو خەمساردن بەرامبەر ئیفلیجكردنی بەشێك لە جەستەی وەزارەتی تەندروستی كە ئەویش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی سلێمانییە”.

بەرپرسەكەی تەندروستیی سلێمانی پێیوایە، دامەزراندنی دەرچووانی بەشە تەندروستییەكان لە سلێمانی جیاوازیی ڕەنگ و دەنگ نییە لەچاو ئەوانەی زۆنەكەی ئەولا بە ئاشكرا پێمان دەڵێن بەڵێ جیاوازن و تا زەرد نەبن و پایزی خەزانتان نیشاننەدەن جارێكی دیكە لافی پێشەنگی تەندروستی وازلێبهنن، چونكە دەسەڵاتی دامەزراندن و هەستانەوەتان لای ئێمەیە تا سازش بۆ ئێمە نەكەن هیچ بەخۆتانەوە نابینن.

هێرش سەلیم دەڵێت، “سەیرە وەزارەتێك كە خزمەتگوزارییە و هەموو ئەركەكەی پاراستنی ژیانی هاوڵاتییانە بەبێ جیاوازی ڕەنگ و دەنگ و ئایین و ڕەگەز ، ئێستا جیاوازی لە دامەزراندن و گەشەسەندنی سەرچاوەی مرۆیی بەشێك لە هەرە گرنگترین و پێشەنگترینی دەزگاكانی دەكات بە ئامانجی زەقكردنەوەی هەستی جیاكاری و ناوچەگەری لەگەڵ ئەم زۆنە، بۆیە پێویستە بەرپرسانی ئەم زۆنە لە ئیدارەی حكومەتی هەرێم و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هەم بێدەنگی بشكێنن و هەم ئەم دۆخە ڕەتبكەنەوە”.

بەرپرسەكەی تەندروستی دەڵێت،”دەبێت لەهەمانكاتدا وەزارەتی تەندروستی یەكلایبكاتەوە ئایا سلێمانی و دەوروبەری بەشێك نین لە وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەوەی ئێمەش بزاین كە ئایا مریشك لە هێلكەیە یان هێلكە لە مریشكە”.

بابەتی پێشتر

توركیا بنكەیەكی سەربازیی نوێی لە هەرێم دامەزراند

بابەتی دواتر

بانكی نێودەوڵەتی: بەهۆی جەنگەوە ئۆكرانیا 60 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share