سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی دەڵێت، جیهان ڕووبەڕووی “كارەساتی مرۆیی” دەبێتەوە بەهۆی گرفتی خۆراك لە ئاكامی شەڕی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا.
دیڤید مالباس، سەرۆكی بانكەكە ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی ماددە خۆراكییەكان وادەكات سەدان ملیۆن كەس بكەونە كەناری هەژارییەوە.
ئەوەشی بە “كارەساتی مرۆیی” ناوبرد و وتی، “مانای وایە ڕێژەی خۆراكپێدان دادەبەزێت، بەڵام دواتر دەبێتە ئالنگارییەك لەبەردەم سیاسەتی حكومەتەكان كە ناتوانێت هیچ شتێك لەوبارەوە بكات، ئەوان هۆكارەكەی نین، بەڵام دەبینن كە نرخەكان بەرزدەبنەوە”.
بانكی نێودەوڵەتی پێشبینی دەكات زیادبوونێكی “قەبە” بەڕێژەیەك كە دەگاتە 37% لە نرخی ماددە خۆراكییەكاندا بێتەئاراوە، ئەوەش ڕێژەیەكی “هەڵاوسانی گەورەیە سەبارەت بە هەژاران”.
سەرۆكی بانكە ڕوونیكردەوە كە هەڵاوسان “كاریگەری لەسەر خۆراك بە سەرجەم جۆرەكانیەوە دەبێت، زەیت و دانەوێلە، دواتریش دەگاتە بەروبوومەكانی دیكە، وەك گەنمەشامی، بەهۆی ئەوەی ئەویش بەرزدەبێتەوە كاتێك نرخی گەنم بەرزدەبێت”.
بەپێی وتەی مالباس خۆراك لە جیهاندا بەشی هەمووان دەكات، بەڵام پێویستە ڕێوشوێنێك دابنرێت بۆ زامنكردنی گەیشتنی بە هەژاران.