چاڤی: لالیگا لەدەست چووە و من کەسێکی کەللە ڕەقم

ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە، چاڤی هێرناندێز ڕێزێکی بێپایانی بۆ یانەی ڕیاڵ سۆسیداد نیشاندا، کە بڕیارە پێنجشەممە لە چێوەی یارییەکانی هەفتەی 33ی خولی ئیسپانیا ڕووبەڕوویان ببنەوە.

چاڤی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ڕیاڵ سۆسیداد، ڕکابەرێکی جیاوازە لەچاو قادش و فرانکفۆرت، تیمێکی مەزنە لەگەڵ ڕاهێنەرێکی گەورە، وەک ئێمە یاری دەکەن و لە یاریگایەکی ئاڵۆزدا بەرامبەر ڕکابەرێکی بەهێز یاری دەکەین.”

ئەمەش بەشێکی دیکەیە لە وەڵامەکانی بۆ ڕۆژنامەنووسان:

 

“سۆسیداد ڕکابەرێکی ڕاستەوخۆیە و هەمان ئامانجی ئێمەی هەیە، با واقیعی بین، ویستمان کێبڕکێ بۆ ناسناوی لالیگا بکەین، بەڵام ئەو بابەتە لە دەست چووە.”

 

“قۆناغی تووڕەییمان تێپەڕاند، ئێستا دەبێت لەم دۆخە خراپە دەربچین، ڕووبەڕووبوونەوەی سەختمان ماوە، بەڵام ئەنجامەکان لەسەر خۆمان وەستاوە.”

 

“بەرامبەر لیڤانتی بە باشی یاریمان کرد، بەرامبەر فرانکفۆرت لە یاریگا نەبووین و بەرامبەر قادش کێشەی دەروونیمان هەبوو، نابێت دووبارە بێتەوە.”

 

“دەمانەوێت لە لالیگا باشترین ئاست پێشکەش بکەین، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لە خولی یانە پاڵەوانەکان و جامی سوپەری ئیسپانیا بوونمان هەبێت، ئێمە وەک یانە و پێکهاتە لە باشترین ساتەکانماندا نین، بەڵام دەبێت هەموو وزەی خۆمان بەگەڕبخەین.”

 

“ئامادەنەبوونی پیکی لە یارییەکانی ڕابردوودا کاریگەری هەبووە، ئێستا سەرەڕای کێشە تایبەتییەکانی، بەڵام سەرنجی خستووەتەوە سەر ئەنجامەکانی تیمەکە، ئەگەر سەرنجی لەدەستدابێت یەکەم کەس دەبم پێی دەڵێم، دەشزانم لە کێشەی تایبەتییەوە لەگەڵ ڕوبیالیس تێوەگلاوە.”

 

“من متمانەم بە ڕاستگۆیی و بێلایەنبوونی ناوبژیوانی هەیە، چەندین جار وتوومە، لەو بارەیەوە نیگەران نیم، کاتێک کە دەکەوین هەست بە خەمباری دەکەم، من پیاوێکم حەزم بە بردنەوەیە و سەرکەوتنم خۆشدەوێت، زۆریش کەللە ڕەقم.”

 

“لەدەستدانی پێدری زۆر کاریگەرە، بە هەمان شێوەی لەدەستدانی فاتی، دێست بەرامبەر قادش زۆر باش بوو، ئالڤێسیش هەستی بە ئازار دەکرد بۆیە بەشداریمان پێ نەکرد.”

بابەتی پێشتر

عەباس فەتاح: غاز بفرۆشن لە هاوڵاتییانی مەبڕن

بابەتی دواتر

یاریزانە ڕوسی و بیلاڕوسییەکان لە وێمبڵدۆن دووردەخرێنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share