“لەبارەی هاوكاریكردنی لەشكركێشی توركیا هەڵوێستی جیاواز لەناو پارتیدا هەیە”

دیمەنی دەستپێكی هێرشەكەی توركیا لە ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەیدا

تەڤگەری ئازادی پێیوایە پارتی و هێزە نزیكەكانی هاوكاری توركیا دەكەن لە هێرشەكەی ئەمجارەیدا و لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە هەموو ئەندام و سەركردەكانی پارتی لەگەڵ ئەو پاڵپشتییەدا نین.

تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگای كوردستان ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو جارێكی دیكە سوپای توركیا لە ناوچەكانی شیلادزێ، ئامێدی و چیای كوڕەژارۆ هێرشی دەستپێكردووەتەوە، پێشتریش پیلانگێری سەر شەنگال و ڕێككەوتنی كازمی-بارزانی لەبارەی شەنگال و دروستكردنی دیواری كۆنكرێتی لەنێوان ڕۆژئاوا و شەنگالدا، هێرشی سەر ڕۆژئاوای كوردستان ئاماژەن بۆ هێرشی فراوان بۆسەر ئیرادەی ئازادیی گەلی كورد.

تەڤگەر ئەوەشی خستەڕوو لەشكركێشییەكە “بەهاوكاریی هەندێك هێز لە كوردستان” ئەنجامدەدەرێت.

باوەڕی خۆیشی نیشاندا بەوەی “پیلانگێڕییەكی گەورە لەسەر گەلی كورد بەڕێوەدەچێت و گەل لە قۆناغێكی چارەنووسسازدایە و دەبێت خۆی بۆ ئامادەبكات” هۆشداریشیدا لەوەی بێدەنگی واتای تەسلیم بوونە، لەكاتێكدا “تەنها ڕێگەیەك كە لەپێشمانە یەكێتی، یەكهەڵوێستی و یەكڕیزییە”.

ڕاشیگەیاند، “ئەوجارەش بنەماڵەی بارزانی وەك نەریتی هەمیشەییان، خۆیان و چەتەكانی ڕۆژ و پاشماوەكانی داعش بوونەتە هاوكاری دەوڵەتی توركیا و، دەیانەوێت هێزی پارتەكەیان و ئەو پێگە و دەسەڵاتەی لە هەرێمی كوردستان هەیانە بیخەنە خزمەتی دەوڵەتی توركیا”.

تەڤگەری ئازادی ئەوەشی خستەڕوو، “داگیركاریی دەوڵەتی توركیا واتای تاڵانكردنی كوردستان، سیاسەتی برسیكردن و بێمووچەكردن كە ئێستا لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، كە هەژموونی بنەماڵەی بارزانی بەسەرەوەیە، بەرێوەدەچێت بە بڕیاری دەوڵەتی توركیایە”.

دەربارەی ئەوەی ئایا پێیانوایە هەموو پارتی پاڵپشت و پشتیوانی لە ئەنجامدانی هێرشەكە و هاوكاریكردنی دەكەن، بەرپرسێكی تەڤگەری ئازادی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتی، “ڕای هەموو ئەندام، لایەنگر و دۆستی پارتی بەو جۆرە نییە هەتا بە سەركردەكانیشیانەوە، ڕەنگە هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی یان ئەدهەم بارزانی جیاواز بێت لە هەڵوێستەكانی مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی”.

ڕوونیشیكردەوە، “لە ڕابردووشدا لە سەردەمی ئیدریس بارزانی ڕێككەوتنێكی حەوت خاڵی لەنێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەبووە كە ئەوە دەستكەوت بوو بۆ گەلی كورد، خۆزگە ئیشی لەسەر بكرایە”.

شەوی دووشەممە 18ی نیسان وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کلیل چنگ-ی لە هەرێمی کوردستان دژی پەکەکە ڕاگەیاند و تائێستا درێژەی هەیە.

بابەتی پێشتر

داعش سێ ژنی لە کامپی هۆل کوشت کە یەکێکیان عێراقییە

بابەتی دواتر

ڕاداری ڕیاڵ مەدرید ڕووی لە چێڵسی-یە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share