بەڕێوەبەری گەنجینەی یەك لە سلێمانی ڕوونكردنەوە لەبارەی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكانی ئەو فەرمانبەرانە دەدات كە ماوەی خزمەتیان بە كۆتادێت و خانەنشیندەكرێن و دەڵێت، “هەر بڕیارێك لەبارەی مووچە پاشەكەوتكراوەكانەوە بدرێت یاخود هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆران دروستبكرێت مووچەخۆران دەتوانن سەردانی ئەو فەرمانگەیە بكەنەوە كەپێشتر خزمەتیان تێكردووە زانیارییان پێدەدرێت”.
حەسەن ڕەشید، بەڕێوەبەری گەنجینەی یەك لە پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكدا بەتۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەی ماوەی خزمەت تەواودەكەن و خانەنشیندەكرێن هیچ نووسراوێكیان لەكاتی خانەنشینبوونیدا سەبارەت بە بڕی مووچە پاشەكەوتكراوەكان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی بۆ ناكرێت، بەڵكو لە فەرمانگەكەی خۆی كە خزمەتی تێدا كردووە زانیاری لەبارەی بڕی مووچە پاشەكەوتكراوەكانەوە هەیە.
بەڕێوەبەری گەنجینە وتی، ” هەر بڕیارێك لەبارەی مووچە پاشكەوتكراوەكانەوە بدرێت یاخود هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆران دروستبكرێت ئەو فەرمانبەرەی خانەنشینكراوە سەردانی فەرمانگەكەی دەكاتەوە و زانیاری لەبارەی مووچە پاشەكەوتكراوەكانەوە بە نووسراو بۆ دەكرێت”.
پێشتر بڵاوكرایەوە حكومەتی هەرێم هەژمارێكی بانكی بۆ سەرجەم مووچەخۆران دروستدەكات كە تەواوی زانیارییەكانی تایبەت بە بڕی مووچەپاشكەوتكراوەكانی تێدا جێگیردەكرێت.