ئەندامێكی نوێنەرایەتیی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی عێراق و پارتی ڕێككەوتوون دیوارێكی كۆنكرێتی لەسەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوا دروستبكەن.
فەتحوڵا حوسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتیی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بەتۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، حكومەتی عێراق لەگەڵ پارتی ڕێككەوتوون دیوارێكی كۆنكرێتی لەسەر ڕێگای سەرەكی شەنگال تا سنووری ڕۆژئاوای كوردستان دروستبكەن.
حوسێنی ئاشكرایكرد، زیاتر لەوە، دەروازەی سمێلكا داخراوە و ڕێگانادرێت شاندی دیبلۆماسی هاتوچۆ بكەن و تەنها بۆ نەخۆشی ڕێگا بە هاتوچۆكردن لە دەروازەكەوە دەدرێت.
ئەندامەكەی نوێنەرایەتیی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان وتی، “پێشتر خەندەق لەو سنوورانە لێدرابوون، بەڵام ئێستا دەستكراوە بە دروستكردنی دیوارێكی كۆنكرێتی لەسەر سەر ڕێگای شەنگال تا سنووری ڕۆژئاوا”.
فەتحوڵا حوسێنی دەڵێت، “خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی دروستكردنی ئەو دیوارە كۆنكرێتییە ئەنجامدراوە، بەڵام هەنگاوەكانی دروستكردنی دیوارە كۆنكرێتییەكە بەردەوامە”.
زیاتر لە جارێك لە ڕۆژئاوای كوردستان نیگەرانی دروستبووە بەرامبەر بە چەند هەنگاوێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە گرفت و كێشەی بۆ ئەو بەشەی كوردستان دروستكردووە، بە تایبەت چەندبارەبوونەوەی داخستنی دەروازە سنوورییەكان.
ئەمە جگە لە دەستگیركردنی هەندێك چەند كادیر و دیپلۆماتكارێكی پارت و دامەزراوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە.