‏”لەئەستۆنەگرتنی بەرپرسیارێتی” دەبرێتە ئەنجومەنی وەزیرانەوە

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەكات، سەردانی شاندەكەی هەرێم بۆ بەغداد و دانوستانەكان لەبارەی نەوتەوە، هەروەها “پێداچوونەوە بە میکانیزمی کارکردن لەناو حکومەت و لەئەستۆگرتنی لێپرسراوێتی” لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكە دەبن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا پوختەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی فیدراڵ دەخرێتەڕوو.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەش، گفتوگۆ لەبارەی پێداچوونەوە بە میکانیزمی کارکردن لەناو حکومەتی هەرێم، بە ئاراستەی برەودان بە لەئەستۆگرتنی لێپرسراوێتی و باشتر ڕاییکردنی کارەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت.

دیار نییە هۆكاری ئەم بڕگە و گفتوگۆیە لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران چییە، بەڵام هاوكاتە لەگەڵ نەچوونەوەی وەزیری دارایی بۆسەر كارەكەی لەماوەی رابردوودا.

لە بڕگەی سێیەمیشدا ڕەشنووسی (پەیڕەوی ناوخۆی بازرگانی و تۆمارنامەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان – عێراق) و ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان دەخرێنەڕوو، بۆ دەنگدان لەسەریان.

بڕگەی کۆتاییش پێشنیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەبێت تایبەت بە هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی لەسەر ئاژەڵی هاوردەکراو لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێم دەخرێتەڕوو.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share