مەحموود سەڕخی، یەكێك لە مەرجەعەكانی شیعەی عێراق، بە قسەی یەكێك لە شوێنكەوتووانی درزی خستە نێوماڵی شیعییەكان و حكومەت و سەدری هێناوەتە هاوكێشەی گرژییەكانەوە، كاردانەوەكان گەیشتنە ڕادەی سووتاندنی نووسینگەیەكی سەڕخی و داخستنی سەرجەم نووسینگە و بارەگا و تەنانەت حسێنییەكانی لە پارێزگایەكی عێراق.
سەڕخی مەرجەع و وتاربێژێكی شیعییە، لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پێگەی جەماوەریی هەیە و لە زۆرێك لەو شارانەدا حسێنییە و بارەگای خۆی هەیە. ئەو ناسراوە بەوەی دژی پارتە سیاسییەكانی عێراق لێدوان و وتار دەدات و لەگەڵ عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانیشدا ناكۆكە. سەڕخی بە پیاوێكی ئایینیی میانڕەو ناسراوە كە داوای پێكەوەژیان و یەكترقبوڵكردن دەكات بەبێ لەبەرچاوگرتنی لایەنی نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبیی مرۆڤەكان.
وتەیەكی ئەمدواییەی یەكێك لە شوێنكەوتووانی سەڕخی كە پێشنوێژی حسێنییەیەكی قەزای ئەلقاسمە لە پارێزگای بابل و داوای ڕووخاندنی مەزاری كەسایەتییە ئایینییەكانی شیعەی كردووە، تووڕەیی شەقامی ناوەڕاست و باشووری عێراقی لێكەوتووەتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە چەندین كەس لە قەزای ئەلقاسم هەڵیانكوتایەسەر نووسینگەكەی مەحموود سەڕخی و گڕیان تێبەردا و سووتاندیان.
كاردانەوەكانی دژی سەڕخی و ڕەوتەكەی فراوانتربوون، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە بڕیاری دادوەر ئەو كەسەی دەستگیركرد كە لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا داوای ڕووخاندنی مەزاری پیاوانی ئایینیی سەر بە مەزهەبی شیعەی كردبوو.
موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدریش بە پەیامێكی توند هاتەسەر هێڵ و ناڕەزایی خۆی دژ بەو وتەیەی شوێنكەوتووەكەی سەڕخی نیشاندا. سەدر داوایكرد لێپێچینەوە بكرێت و ڕایگەیاند، “نابێت چاوپۆشی بكرێت لەوەی لە كۆمەڵگەی عێراقیدا ڕوودەدات و لێرە و لەوێ بیروباوەڕی گەند بڵاودەكرێتەوە”.
لە درێژەی ئەم كاردانەوانەدا، فەرماندەیی پۆلیسی بابل هەموو بارەگا و نووسینگە و تەنانەت حوسێنییەكانی سەر بە ڕەوتەكەی مەحمود سەڕخی-ی داخست.
سەڕخی دەرچووی كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی بەغدادە و بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاریی شارستانیدایە. لە حەوزەی نەجەف بابەتە ئایینییەكانی خوێندووە و دەیان كتێبی ئایینیی هەیە و خاوەنی بیروباوەڕی تایبەت بە خۆیەتی كە زیاتر میانڕەوانەیە، بەوەش جەماوەری لە دەوری خۆی كۆكردووەتەوە و لایەنگر و شوێنكەوتووانی بە دەیان هەزار كەس مەزەندە دەكرێن.