ڕوسیا لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تێوەدەگلێت.. بەریتانیا و ئەمریکا لێکۆڵینەوە دەکەن

لە شەوی ڕابردووەوە ڕاپۆرتەکان باس لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە شاری ماریۆپۆلی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە دەکەن، بەریتانیاش ئاشکرای کردووە کە لێکۆڵینەوە لە ڕاست و دروستیی ڕاپۆرتەکان دەکات.

لیزا ترەس وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاند، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەدەن لەلایەن ڕوسیاوە دژ بە هاوڵاتییانی ماریۆپۆلی ئۆکرانیا، هەر بەکارهێنانێکی ئەو جۆرە چەکە ئاڵۆزییەکان زۆر زیاتر دەکەن.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختدەکاتەوە، لە ئەگەری هەر جۆرە بەکارهێنانێکی چەکی کیمیاییدا پێویستە لێپێچینەوە لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا و سیستمەکەی بکرێت.

لیزا ترەس دەڵێت، “ئێمە بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانمان بەپەلە کار لەسەر لێکۆڵینەوە لەو پرسە و وردەکارییەکانی دەکەین”.

لەلایەکی دیکەوە جۆن کێربی وتەبێژی پێنتاگۆن ئاشکرایکرد، “لەڕێگەی ڕاپۆرتەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە زانیاریمان پێگەیشتووە کە ڕوسیا چەکی کیمیایی لە ماریۆپۆل بەکارهێناوە، بەڵام لە ئێستادا ناتوانین دڵنیابین لەو زانیارییانە و چاودێریی زانیارییەکان و ڕاستیی ڕاپۆرتەکان دەکەین”.

جەختیکردەوە، ئەگەر ئەو هەوالانە ڕاستبن زۆر مایەی نیگەرانییە کە ڕوسیا دەتوانێت زۆر جۆری چەکی مەترسیدار بەکاربهێنێت، بۆنمونە گازی فرمێسکڕێژی تێکەڵ بە پێکهاتەی کیمیایی.

ئەمە لەکاتێکدایە هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا پێدەنێتە ڕۆژی 48ەمیەوە، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرایکرد، ڕوسیا چەکی کیمیایی لە ئۆکرانیا بەکارهێناوە، داواشی لە وڵاتانی خۆرئاوا کرد سزای زۆر توند بەسەر ڕوسیادا بسەپێنن.

لەوبارەیەوە ئیڤانا کلیمپۆش ئەندامی پەرلەمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، هێزەکانی ڕوسیا “ماددەیەکی نەناسراو”ی بەکارهێناوە لە ماریۆپۆل کە هاوڵاتییانی شارەکە تووشی کێشەی هەناسەدان بوون بەهۆی ئەو ماددەیەوە.

هەروەها کەتیبەی ئازۆڤی ئۆکرانی ڕایگەیاند، کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕوسی ماددەیەکی ژەهراویی نەناسراوی دژی سەربازان و هاوڵاتییانی ماریۆپۆل بەکارهێناوە کە کێشەی لە کۆئەندامی هەناسەیاندا دروستکردووە.

بابەتی پێشتر

لوبنان.. تەقینەوەیەک لە نزیک گەنجینەیەکی کۆنی چەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

بابەتی دواتر

کۆرۆنا ناوەندە پیشەسازییەکانی چین پەکدەخات.. ئەمریکا فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلەی بە کارمەندەکانی دا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share