سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی دووەم لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە، گفتۆگۆیان سەبارەت بە پرسی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر شەنگال و پرسی ئاوارەکان و چەند بابەتێکی دیکە کرد، نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتی هەرێمی بۆ گەڕانەوەی خۆویستانەی ئاوارەکان دەربڕی.
لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە هاتووە، “نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق دواین ڕێککەوتنی هەرێم و عێراقیان لەبارەی شەنگال و بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان تاوتوێکرد”.
سەرۆکایەتیی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتى هەرێم و فیدراڵەوە بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى شەنگال، هەردوولا هاوڕابوون کە ڕێککەوتنەکە گرنگە و هاوکارى و هەماهەنگیى لایەنە پەیوەندارەکانى دەوێت بۆ ئەوەى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، “.
ڕاگەیەنراوەکە دەڵێت، “نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان پشتگیرى لە گەڕانەوەى خۆویستانەى ئاوارەکانى عێراق بۆ شار و ناوچەکانیان دەکەنەوە و ڕوونى کردەوە بەڕێوەبردنى کەمپەکان و دابینکردنى خزمەتگوزارییەکانى وەک پەروەردە و تەندروستى و ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکانى دیکە، تێچوویەکى زۆر لەسەر هەرێمى کوردستان دەکەون”.
باسلەوەشکراوە کە دەبێت زەمینەسازیى دروست لەڕووى دابینکردنى ئارامى و ئاسایش و خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ گەڕانەوەى خۆویستانەی ئاوارەکان بکرێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتیی هەرێم، دۆخى سیاسى و ئەمنیى عێراق، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و چەند پرسێکى جێى بایەخى هەردوولا، تەورێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.