لە كۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەركردنی چەقبەستوویی سیاسی تاوتوێكرا و جەخت لەسەر داوا ڕەواكانی خەڵك و بەرژەوەندییە باڵاكان كرایەوە.
بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی سەرۆک مام جەلال لە بەغداد پێشوازیکرد لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە پێكهاتبوون لە نوری مالكی، هادی عامری، قەیس خەزعەلی و شاندێكی یاوەریان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، تیایدا گفتوگۆ لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی چێوەی هەماهەنگی کرا کە وەک دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عێراق پێشکەشکراوە.
هەردوولا جەختییان لەوە کردەوە کە دەبێت دەستپێشخەرییەکەی چێوەی هەماهەنگی بەشێوەیەک دابڕێژرێت کە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق بکات و زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بهێنێتە ئاراوە لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکاندا. جگە لەوەی هاوکات بێت لەگەڵ داواکارییە ڕەواکانی خەڵک و خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکان بکات و لەپێناو بونیادنانی داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بێت.