عێراق كەوتە بۆشایی دەستوورییەوە.. وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆتاییهات

ئەو وادەیە كۆتاییهات كە بەپێی دەستوور دیاریكراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەمەش ئێستا عێراق كەوتووەتە بۆشایی دەستوورییەوە.

پاش تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختە، دوای دوو جار درێژكردنەوەی ماوەی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و دوو جار شكستهێنانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، دۆسیەكە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و سەرئەنجام ماوەی دەستووریی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆتاییهات و بەوەش عێراق كەوتە بۆشایی دەستوورییەوە.

ڕۆژی 10ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختە لە عێراق ئەنجامدرا، ڕۆژی 9ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەنجومەنی نوێنەران یەكەم كۆبوونەوەی خوولی پێنجەمی ئەنجامدا و دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەكە هەڵبژێردرا.

لە 28ی شوباتی ڕابردوودا، ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنەكە ڕایگەیاند، “لە كۆبوونەوەی داهاتوودا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرین”، بەڵام نەك هەر لە كۆبوونەوەی دواتردا، بەڵكو دوو دانیشتن كە تایبەت بوون بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار شكستیانهێنا و بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان لەبارەی پێكهێنانی حكومەت و دەستنیشانكردنی هەردوو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و كۆمار، ژمارەی پەرلەمانتارانی ئامادەبووی كۆبوونەوەكان نەگەیشتە ڕێژەی یاسایی و بەوەش هەردوو دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران كە دوایینیان بڕیاربوو لە 26ی ئازاردا ڕێكبخرێت، شكستیانهێنا.

بەپێی بڕگەی (دووەم/ أ) لە ماددەی 72ی دەستووری ساڵی 2005ی عێراق، دوای تەواوبوونی ماوەی خوولی ئەنجومەنی نوێنەران، ماوەی دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار تەواودەبێت، بەڵام بڕگەی (دووەم/ ب)ی هەمان ماددەی دەستوور دەڵێت، “سەرۆك كۆمار درێژە بە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی دەدات تا دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ و كۆبوونەوەی، بەو مەرجەی دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا لە دوای یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆكێكی نوێ بۆ كۆمار هەڵبژێردرێت”.

بەو پێیەی یەكەمین كۆبوونەوەی ئەم خوولەی ئەنجومەنی نوێنەران لە 9ی كانوونی دووەمدا ئەنجامدرا، ئەوا ماوە دەستوورییەكەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە 8ی شوباتدا كۆتاییهات، هەمان ڕۆژ (8ی شوبات) سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق نووسراوێكی بە ژمارە (295) ئاراستەی سەرۆكی ‏دادگای باڵای فیدراڵی كرد و وتی، “داوا لە دادگاكەتان ‏دەكەین شیكردنەوە بۆ ماددەی 72 بكەن، كە دەقەكەی چارەسەری دیارینەكردووە بۆ ئەو دۆخەی كە ئەنجومەنی نوێنەران نەتوانێت داوا دەستوورییەكان و ‏مامەڵەكردن لەگەڵ ئەرك و كارەكانی سەرۆك كۆمار لەو ماوەیەدا كە سەرۆكی نوێ هەڵنەبژێردراوە، جێبەجێبكات ‏بەمەبەستی ڕوونەدانی بۆشایی دەستووری”.

لە وەڵامی ئەو داوایەدا، دادگای فیدراڵی بە پشتبەستن بە دەقی دەستووری، بڕیاریدا سەرۆك كۆماری ئێستا بەردەوامبێت لە ئەركەكانی تا هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ و ڕایگەیاند، “بەپێی دەستوور و لەبەر پێویستی و بەرژەوەندیی گشتی و لەپێناو پاراستنی بنەماكانی دەستوور، سەرۆك كۆمار تا هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بەردەوام دەبێت لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی”.

ئێستاش دوای تێپەڕبوونی 57 ڕۆژ بەسەر تەواوبوونی ماوە دەستوورییەكەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، هێشتا سەرۆكێكی نوێ بۆ پۆستەكە هەڵنەبژێردراوە، ئەوەش عێراقی خستووەتە بۆشایی دەستوورییەوە و لە چاوەڕوانیی بڕیاری دادگای فیدراڵی و ڕێككەوتنی لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێدایە.

بابەتی پێشتر

سەباح هەورامی: کەرتی تەندروستی بە سەدەقە بەڕێوەنابرێت.. چارەسەری کێشەکە تەنها لای حکومەتە

بابەتی دواتر

حەلبووسی بە هەڕەشەوە دەچێتە لای سەدر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share