كۆرۆنا ساڵی یەكەمی تەمەنی بەڕێدەكات

پیرۆزباییەك بەبۆنەی یەك ساڵەی تەمەنی كۆرۆنا

لەم مانگەدا ساڵێكی تەواو بەسەر ئاشكراكردنی یەكەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ تێدەپەڕێت.

لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشەوە، بەشێك لە هاوڵاتییانی جیهان بەشدارییان كردووە و هیوای “لەدایكبوونی نا پیرۆز” بۆ ڤایرۆسەكە دەخوازن، پێچەوانەی ئەو پەیامی پیرۆزباییانەی بەبۆنەی ساڵیادی لەدایكبوونەوە ئاراستەی هەر كەسێك دەكرێت.

بەپێی سایتی (مارسیتی)ی كەنەدی دۆزینەوەی یەكەمی ڤایرۆسەكە دەگەڕێتەوە بۆ 17ی تشرینی دووەمی 2019 كاتێك پزیشكانی چین ڤایرۆسەكەیان لە پیاوێكی تەمەن 55 ساڵدا بەدیكرد، بەڵام تائێستا دڵنیایی لەبارەی ئەو زانیارییەوە نەدراوە.

یەكێك لەو بەكارهێنەرانەی تۆڕی كۆمەڵایەتی دەڵێت، “لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا یەكەم حاڵەتی كۆڤید لە چین تۆماركرا، هیوای جەژنی لەدایكبوونی نا پیرۆزت بۆ دەخوازم كۆڤید، ژیانی ملیارەهات وێرانكرد”.

بەكارهێنەرێكی دیكەش ئاهەنگ بەبۆنەی لەدایكبوونی كەسایەتییەكی كارتۆنی دەگێڕێت و وێنەی كەسێكی بە سەرێكی ڤایرۆسەكەوە بڵاوكردوەتەوە.

هەروەك یەكێكی دیكە لە تویتێكدا دەڵێت، “لەدایكبوونت پیرۆز ئەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ژیانت بە ڕێگایەكی وا گۆڕیم كە هەرگیز پێشبینیم نەدەكرد!”.

پاش تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر دۆزینەوەیدا، ڤایرۆسەكە شڵەژانێكی گەورەی جیهانی دروستكردووە و بووەتە هۆی وێرانكردنی ئابوری وڵاتان بەهۆی ئەو بڕیاری داخستنە گشتییەی زۆرێك لە وڵاتانی جیهان بۆ بەرگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی گرتیانەبەر.

لەگەڵ ئەوەشدا مژدە خۆشەكە ئەوەیە لەگەڵ یەكەم ساڵیدا، پێدەچێت ئایندە ڕووناك بێت، دوای ئەوەی دوو كۆمپانیای گەورە دۆزینەوەی دوو ڤاكسینی كاریگەریان لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیاند.

بەڵام دروستكەرانی ڤاكسینەكە جەختدەكەنەوە كە هێشتا پێویستە ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی وەك پۆشینی كەمانە و دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی پەیڕەوبكرێت، تا ئەوكاتەی دەتوانرێت ژیان بۆ باری ئاسایی خۆی بگەڕێتەوە.

تائێستا زیاتر لە 55 ملیۆن توشبوون بە كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان تۆماركراوە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە یەك ملیۆن و 800 هەزار حاڵەتی مردن بەهۆی ڤایرۆسەكەوە ڕویداوە.

بابەتی پێشتر

پەرلەمان یاسایەك دەردەكات بۆ ڕێگری لە دەستدرێژیكردنەسەر تۆڕەكانی ئاو

بابەتی دواتر

ژمارەیەك پەرلەمانتار داوا دەكەن حكومەت "گرێبەستە 50 ساڵییەكە"یان بۆ ڕوونبكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share