ئەمڕۆش هاوینە

بەپێی ئەو پێوەرە زانستی و جوگرافییەی دانراوە، سبەی دیاردەی “هاوسەنگبوونی پایزە Autumn Equinox لەنیوەگۆی باكووری زەویدا ڕوودەدات، ئەوەش بەمانای ئەوەیە ئەمڕۆ 21/9 هێشتا هاوینە.

دوای ئەم دیاردەیە لە كیشوەرەكانی (ئاسیا، ئەوروپا، ئەمریكای باكوور و جەمسەری بەستەڵەكی باكوور) خۆر بە شێوەیەكی ستوونی دەبێت لەسەر هێڵی كەمەرەی زەوی، هەمان كات بۆ نیوەگۆی باشوور، دیاردەی  (هاوسەنگبوونی بەهاریی – Vernal Equinox) ڕوودەدات و بۆ وڵاتانی كیشوەرەكانی (ئوسترالیا، باشووری هیندستان، نیوەی باشووری كیشوەری ئەفریقا، بەشێکی ئەمریكای باشوور و تەواوی كیشوەری بەستەڵەكی باشوور) یەكەم ڕۆژی وەرزی بەهار دەبێت.

لەوبارەیەوە ئەژی چەتۆ حەسەن، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێم ڕایگەیاندووە، “هەر لەو كاتەی كە خۆر ستوونی دەبێت لەسەر هێڵی كەمەریی، ئەوا لە كاتی نیوەڕۆدا سێبەر بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە بۆماوەی چەند ڕۆژێك نامێنێت، پاشان وردە وردە خۆر دەخزێتە باشوور بەرەو هێڵی (گیسك) و ئەوكاتە سێبەر دروست دەبێت و لە 22ی ئەیلوول، ماوەی نێوان شەو و ڕۆژ لە تەواوی جیهاندا یەكسان دەبێت”.

بەپێی زانیارییەکانی وتەبێژی کەشناسی هەرێم، “لە 22ی ئەیلولەوە، ئەگەر بە وردی ڕاڤەی بكەین، دەبینین لە ڕووی تیۆرییەوە ماوەی شەو و ڕۆژ یەكسان دەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا، جیاوازییەكی كەم هەیە لەنێوان ئەو دوو كاتەدا، چونكە كاتێك تەماشای ڕۆژژمێرە وردەكان و پێوانەكانی هەڵاتن و ئاوابوونی خۆر دەكەین، دەبینین ماوەی ڕۆژ بە چەند خولەكێك لە شەو درێژترە”.

لەكاتی هاوسەنگبوونی پاییزەدا، وەرزی زەردهەڵگەڕان دەستپێدەكات كە نزیكەی 26 ڕۆژ دەخایەنێت و ئاسمان لەهەندێک كاتدا بە ڕەنگی زەردێكی كاڵ دەردەكەوێت بەهۆی چالاكبوونی تەوژمەكانی با و بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵی سووك بۆ ئاسمان، هەروەها زەردداهاتنی گەڵای دار و درەختەكان و كەوتنە سەر زەوی.

پلەكانی گەرما تا ڕاددەیەك بەرزدەبێت و پاشان فێنك و ئاسایی دەبێتەوە و وردە وردە پەڵە هەورە سپییە بەرزەكان لە باكووری ڕۆژئاواوە دەردەكەون و بەهۆی گۆڕانی خێرا لە پلەكانی گەرما، پەتا وەرزییەكانیش بڵاودەبنەوە.

بابەتی پێشتر

قوربانییانی کۆرۆنا لە ئەمریکا پەتای ئیسپانیی تێپەڕاند.. بوو بە کوشندەترین پەتا لە مێژووی ئەمریکادا

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی بۆ یەکێتیی زانایان: ڕۆڵی زیاتر ببینن لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەویدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share